چین دەیەوێت گەورەترین ناوچەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە

چین دەیەوێت ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و ئێستا بیرۆکەکە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند "دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ کونسوڵی چین لە هەولێر، بیرۆکەی دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لەلایەن ئەو وڵاتەوە لە هەرێمی کوردستان گەڵاڵە کراوە و وەک دەستەی وەبەرهێنان پێشوازیمان لەو بیرۆکەیە کردووە." 

ئاماژەی بەوەش دا، ئەم بیرۆکەیە دوای ئەوە هاتووە کە کونسوڵخانەی چین تێبینیی کردووە ژمارەی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان زۆرە.

گوتیشی: دوای ئەوەی رەزامەندیی سەرەتاییان لەسەر بیرۆکەی پڕۆژەکە داوە، کونسوڵخانەی چین لەگەڵ حکوومەت و کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گەورەترین ناوچەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە هەولێر دروست بکەن. 

ئاشکراشی کرد، ئامانجی چین ئەوەیە لە جێی ئەوەی کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل لە رێگەی جیاوازەوە ئۆتۆمبێلی ئامادە هاوردە بکەن، پارچە و کەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێل هاوردە بکەن و لەو ناوچە پیشەسازییەدا کۆیان بکەنەوە و بیانبەستن.

راشیگەیاند، کونسوڵخانەی چین دەیەوێت ئەو ناوچەیە ببێتە ناوەندێک بۆ عێراق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستانیش، سەبارەت بە داواکاریی کونسوڵخانەی چین بۆ کردنەوەی ئەو ناوچە پیشەسازییە، بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناخی مەرج و داواکاریی ورد، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا داوای دابینکردنی پارچە زەوییەکیان کردووە؛ دەستەی وەبەرهێنانیش وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەو داواکارییە هەبووە و پێی راگەیاندوون کە پرۆپۆزەڵێک و پلانی کۆمپانیاکان ئامادە بکەن.

گوتیشی: پێشتریش ئەڵمانیا بیرۆکەی پڕۆژەیەکی لەو شێوەی هەبووە، بەڵام بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە پڕۆژەکە دواکەوتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 10 جۆری ئۆتۆمبێلی چینی لە هەرێمی کوردستان هەن، پێشتریش کونسوڵی چین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 ئاشکرای کردبوو کە دەیەوێت لە داهاتوودا ناوچەیەکی پیشەسازیی کۆکردنەوە و بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.