لە ئەنبار دەست بەسەر نزیکەی 68 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا

بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی ئەنبار، رایگەیاند، تۆڕێکی ماددە هۆشبەرەکانیان هەڵوەشاندەوە و زیاتر لە 400 هەزار حەبی کەپتاگۆنیش دەستی بەسەردا گیرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی ئەنبار لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە "لە ئۆپەراسیۆنێکدا گورزێکی کوشندەیان لە باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان داوە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا تۆڕێکی تاوانکاریی مەترسیدار کە لە 19 تۆمەتبار کە دوو ئافرەتیشی تێدابووە، داوە، هاوکات توانراوە 408 هەزار حەبی ماددەی هۆشبەری کەپتاگۆن، کە دەکاتە نزیکەی 68 کیلۆگرام، دەستی بەسەردا بگیرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کرایەوە، "ئەم ئۆپەراسیۆنانە دژی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بەردەوام دەبێت، و مۆڵگەکانی تاوان لەبەردەم هەوڵی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانیدا تەواو ئاشکرا بوون و لەناودەچن".

ئەمە لەکاتێکدایە مانگی رابردوو هێزەکانی فریاکەوتنی ئەنبار رایانگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی سجر دەستیان بەسەر 175 هەزار حەبی کەپتاگۆندا گرتووە.

هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماری فەرمی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـی بڵاوکردبووەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان لە شەش مانگی رابردوودا سەرکەوتوو بوون لە دەستبەسەرداگرتنی تۆنێک و 977 کیلۆگرام و 522 گرام ماددەی هۆشبەر بەهەموو جۆرەکانیەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، دادگاکانی عێراق سزای جۆراوجۆریان بەسەر سێ هەزار و 553 بازرگان و برەودەری ماددەی هۆشبەردا سەپاندووە، کە لە نێویاندا 58 سزای لەسێدارەدان و 236 سزای زیندانی تا هەتایی هەن، هاوکات هێزە ئەمنییەکان توانیویانە 378 تۆڕی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن پووچەڵکربکەنەوە کە 319یان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و 59 تۆڕیشیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریان کردووە.