ژووری بازرگانیی هەولێر: تاوەکو ئێستا زیاتر لە 250 هەزار تۆن گەنمی زیادی جووتیاران کڕدراوەتەوە

ئەندامێکی ژووری بازرگانیی هەولێر ئاشکرای دەکات، پڕۆسەی کڕینەوەی گەنمی زیادی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانەوە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 250 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە، پێشبینیش دەکرێت ئەم بڕە بگاتە سەرووی 600 هەزار تۆن.

ئیبراهیم محەمەد، ئەندامی ژووری بازرگانیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە هەماهەنگی لە نێوان ژووری بازرگانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی هەولێر، هەماهەنگییەکی زۆر باش دروست بووە بۆ بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی گەنمی جووتیاران.

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی روونی کردەوە، حکوومەتی ناوەندیی عێراق بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام بڕی زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم لە لای جووتیاران مابووەوە. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیا ناوخۆییەکان ئامادەییان نیشان دا بۆ کڕینەوەی ئەو گەنمەی لە لای جووتیاران مابووەوە.

ئیبراهیم محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکو ئێستا نزیكەی 250 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران کڕدراوەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تاوەکو دەگاتە زیاتر لە 600 هەزار تۆن. روونیشی کردەوە، ئەم گەنمەی وەردەگیرێت رەوانەی دەرەوە ناکرێت، بەڵکو بۆ کارگەکانی ناوخۆ وەک کارگەکانی ئاررد بڕین، ئالیک و بەروبوومە خۆماڵییەکان بەکار دەهێنرێت.

سەبارەت بە نرخی کڕینەوەی گەنم لە جووتیاران، ناوبراو ئاشکرای کرد کە نرخەکە زۆر نزیکە لە نرخی کڕینەوەی کۆمپانیاکانی (داس و قەیوان) و نرخێکی گونجاوە بۆ جووتیاران، هەرچەندە لە نرخی حکوومەتی ناوەندی جیاوازە بەهۆی ئەوەی بەغدا وەرگرتنی گەنمی راگرتووە.