وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێ بۆ جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل دەردەکات
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی ژمارە (6)ی ساڵی 2026ـی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی جامڕەش بڵاوکردەوە، رێنماییەکە لە لایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆوە واژۆ کراوە، چەندین گۆڕانکاری لە رێژەی رێگەپێدراو و تێچووی مۆڵەتەکە لەخۆ دەگرێت.
هەینی 7ـی ئابی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هورێمی کوردستان، چەند رێنماییەکی نوێی لە بارەی جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل دەکرد، بە گوێرەی رێنماییە نوێیەکان گۆڕانکاری کراوە لە رێژە و بڕی تێچووی مۆڵەتەکان.
مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی مۆڵەت:
بەپێی رێنماییەکە، مۆڵەتی جامڕەش تەنها بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت دەبێت کە بە ناوی خاوەنەکەیەوە تۆمار کرابێت، هەروەها مۆڵەتەکە بۆ ماوەی یەک تا سێ ساڵە و ساڵانە پێویستی بە نوێکردنەوە هەیە، هاوکات جەخت کراوەتەوە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل بە هیچ شێوەیەک نابێت رەش بکرێت و دەبێت رووناکی نێو ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی دیار بێت.
تێچووی مۆڵەت و رێژەی رەشکردنی جامەکان:
وەزارەتی ناوخۆ نرخەکانی بەپێی رێژەی رەشکردن و جۆری جامەکە (کارگەیی یان دەستکرد) بەم شێوەیە دیاریکردووە:
1- رێژەی تا 30% بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کارگەوە جامەکانیان رەنگدارە 100 هەزار دینار.
2- رێژەی 31% تا 50% :150 هەزار دینار بۆ جامی کارگەیی، و 300 هەزار دینار بۆ جامی دەستکرد.
3- رێژەی 51% تا 80%: 200 هەزار دینار بۆ جامی کارگەیی، و 500 هەزار دینار بۆ جامی دەستکرد.
4- رێژەی زیاتر لە 80%: بڕی یەک ملیۆن دینار وەک رسوماتی ساڵانە وەردەگیرێت.
جگە لەم بڕە پارانە، بڕی 30 هەزار دینار بۆ باجی رێگەپێدان و 25 هەزار دینار وەک کرێی کارگێڕی بۆ هەر داواکارییەک وەردەگیرێت.
سزا و پێبژاردنەکان:
رێنماییە نوێیەکە سزای توندی بۆ سەرپێچیکاران دیاریکردووە، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت جامی ئۆتۆمبێلەکەی رەش بکات یان مۆڵەتەکەی بەسەرچووبێت و نوێی نەکاتەوە، بڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت، ئەگەر سەرپێچیکار لە ماوەی 30 رۆژدا جامی ئۆتۆمبێلەکەی چاک نەکاتەوە، سزاكەی بۆ دوو هێندە زیاد دەکات.
تایبەتمەندی بۆ تەکسی و ئۆتۆمبێلە حکوومییەکان:
بۆ ئۆتۆمبێلی تەکسی، تەنها رێگە بە تاریککردنی جامەکانی دواوە دەدرێت بە مەرجێک رێژەکەی لە 50% تێپەڕ نەکات، هەروەها ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، حکوومەت، پەرلەمان، و ئۆتۆمبێلی کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لەم رێنماییە بەدەرکراون و مەرجەکان نەیانگرێتەوە.
ئەم رێنماییە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی "وەقایعی کوردستان" دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کار بە رێنماییەکانی پێشوو ناکرێت.