کەمێکی دیکە یەکەم گەشتی هێڵی ئاسمانیی قەتەر لە هەولێر دەنیشێتەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگەیاند؛ بەگوێرەی خشتەی رێکخراوی گەشتەکان بڕیارە یەکەم فڕۆکەی نەفەرهەڵگریی هێڵی ئاسمانی قەتەرییە لە فڕۆکەخانەی دەوحەوە بەڕێ کەوتووە و کاتژمێر 1:30ـی خولەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەنیشێتەوە.

ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ئاماژەیدا، کاتژمێرێک دواتر هەمان فڕۆکە گەشتی پێچەوانەوە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە و بەرەو دەوحە دەستپێدەکاتەوە.

پێشتر کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی قەتەر رایگەیاند، لە 8ـی ئەم مانگە، گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر، بەحرەین و کوەیت بە شێوەیەکی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە، کە لە 24ـی تەممووزی رابردوو بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزیی دۆخی ناوچەکە سەرجەم گەشتەکانی راگرت بوو.

بەهۆی هێوربوونەوەی دۆخی ناوچەکە و سەقامگیریی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە کاتژمێر 5ـی بەرەبەیان تا کاتژمیر 11:25ـی ئەمڕۆ شەممە حەوت فڕۆکەی گەشتیاری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نیشتوونەتەوە:

هێڵی ئاسمانیی میسر فڕۆکەخانەی قاهیرە بۆ هەولێر
هێڵی ئاسمانیی ئوور – فڕۆکەخانەی کۆڵن بۆ هەولێر
هێڵی ئاسمانیی شانشینی ئوردن – فڕۆکەخانەی عەممان بۆ هەولێر
هێڵی ئاسمانی پێگاسۆس – فڕۆکەخانەی ئەستانبۆڵ بۆ هەولێر
هێڵی ئاسمانیی XH521 – فڕۆکەخانەی دیمەشق بۆ هەولێر
هێڵی ئاسمانیی عێراقی – فڕۆکەخانەی بەغدا بۆ هەولێر
هێڵی ئاسمانیی دوبەی – فڕۆکەخانەی دوبەی بۆ هەولێر

هەروەها چەند گەشتێکی دیکە دیارکراوە کە بەرەو فڕۆکەخانەی هەولێر لە رێگەدان و دێن، تەنیا یەک گەشتی هێڵی ئاسمانیی ئوور لە فڕۆکەخانەی لەندەنەوە بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر هەڵوەشاوەتەوە.