لە مۆندیالی 2026 هەوڵی تیرۆرکردنی مێسی و کریستیانۆ دراوە
دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ بەسەر کۆتایی هاتنی مۆندیالی 2026 تازە ئاشکرا دەبێت کە بەشێک لە ئەستێرە دیارەکانی مۆندیال هەڕەشەی کوشتن و تیرۆرکردنیان لەسەربووە، لە سەرووی هەموویانەوە لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ڕاپۆرتێکی لەسەر تۆمارە ئەمنییەکانی مۆندیالی 2026 بڵاوکردەوە کە لە ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەچوو، تیایدا لیۆنێل مێسی زۆرترین هەڕەشەی لەسەر بوو، لە بەرامبەردا کریستیانۆ ڕۆناڵدۆش لەلایەن چەند کەسێکەوە ببووە ئامانج.
لیۆنێل مێسی زۆرترین هەڕەشەی لەسەر بووە، بە گوێرەی ئەو راپۆرتە ئەمنیەی دەست رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی کەوتووە، کەسێک پەیوەندی بە فڕۆکەخانەی دالاسەوە کردووە و ئاشکرای کردووە کە خۆی و دوو کەسی دیکە دەچنە ئەو یاریگایەی کە یارییەکەی ئەرجەنتین و ئوردن تێدا بەڕێوەدەچێت و ئامێری تەقینەوە و چەکێکی نیمچە ئۆتۆماتیکییان پێ بووە.
ئەو کەسە لەو پەیوەندییە هۆشداری داوەتە بەرپرسان لەو یارییە دەیانەوێت بەشێک لە بەرپرسان و پۆلیس و لیۆنێل مێسی بەیەکەوە بکەنە ئامانج، بۆیە لەو رۆژە رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتە بەر.
پێش یارییەکەی ئەرجەنتین و میسڕیش کەسێک هەڕەشەی ئەوە کردووە لە رێگاوەیە بۆ ناو یاریگا و سێ بۆمبی بەخۆیەوە بەستووەتەوە بۆ تیرۆر کردنی مێسی، دواتر بڵاویکردەوە هەرسێ بۆمبەکەی لەناو چەند زبلدانێکی ناو یاریگای داناوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێکی دیکە لە ئامانجەکان بووە، پۆلیسی ئەمریکا بڵاویکردەوە رۆژی 14ـی مانگی رابردوو کەسێکی گومانلێکراویان دەستگیر کردووە کە شوێن رۆناڵدۆ کەوتووە و بە شێوازێکی گوماناوی داوای زانیاری لەسەر شوێنی مانەوەی رۆناڵدۆی کردووە.
دوای دوو رۆژ پۆلیسی هیوستن توانیان ئەو کەسە گوماناویە دەستگیر بکەن ئەویش لە هەمان ئەو هۆتێلەی کە شوێنی حەوانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و یاریزانانی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ بوو. دوای چەند رۆژ کەسێکی دیکەی گوماناوەی ئەمجارەیان لە کەنەدا دەسگیر کرا، کە خەریکبوو لەگەڵ رۆناڵدۆ سەرکەوێت بۆ ناو ئاسانسۆر.