هەفتەبازاڕی کشتوکاڵیی هەڵەبجە؛ دەرفەتێکە بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و راکێشانی گەشتیاران
بە مەبەستی ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی، هەفتەبازاڕی کشتوکاڵیی هەڵەبجە بۆ ماوەی 9 رۆژە بەڕێوە دەچێت.
ئەم بازاڕە کە بۆ ساڵی دووەمە دەکرێتەوە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ جووتیاران، تاکوو لەم دەرفەتەدا بەروبوومە خۆماڵییەکانی خۆیان بفرۆشن و گەشتیار و سەردانیکەرانیش سوود لە بەرهەمەکان ببینن.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوە دا، بۆ ئەمساڵ 100 دووکان و شوێن ئامادە کراون بۆ جووتیاران، تا بتوانن بەبێ هیچ بەرامبەرێک بەرهەمەکانیانی تێدا بفرۆشن و هیوای خواست ئەم جۆرە بازاڕانە بەردەوام بن و خزمەتێکی زیاتر بە جووتیاران بکەن.
زیادبوونی کردنەوەی ئەم بازاڕانە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا، هاوکاتی گەشەی کشتوکاڵی بووژانەوەی کەرتەکەیە، کە جووتیاران سوودی زۆریان لەو گەشەکردنە بینیوە.
کەیوان فەریق، یەکێکە لە جووتیارە بەشداربووەکانی بازاڕەکە، باسی لەوە کرد کە چەند کاتژمێرێک پێش کردنەوەی هەفتەبازاڕەکە، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی وەک گوڵەبەڕۆژە و بەروبوومی باخەکانیان لە سنووری هەڵەبجە و شارەزوورەوە دەهێننە ناو بازاڕەکە، ئەمەش وا دەکات بەرهەمەکان بەتازەیی بگەنە دەستی کڕیاران.
فیردەوس سەڵاح، کە گەشتیارێکە و لە هەولێرەوە سەردانی هەفتەبازاڕەکەی کردووە، خۆشحاڵیی خۆی بە تام و بۆن و سروشتیبوونی بەرهەمە ناوخۆییەکان دەربڕی و بە فێستیڤاڵێکی خۆش و سەرنجڕاکێش باسی کرد، کە تێیدا بەرهەمی دەستی جووتیارانی ناوخۆ پێشکەشی خەڵک دەکرێت.