لە هەولێر منداڵێکی دیکەی خانەی ساوایان دەسپێردرێتە خێزانێکی جێگرەوە
لە چوارچێوەی پڕۆژەی "خێزانی جێگرەوە"، منداڵێکی دیکەی خانەی ساوایان لە پارێزگای هەولێر رادەستی خێزانێکی بەخێوکار کرا و لە خانەی چاودێرییەوە گواسترایەوە بۆ ناو ئامێز و سۆزی خێزان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئابی 2026، هۆبەی خێزانی جێگرەوە لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند: دوای زیاتر لە ساڵێک لە ئەنجامدانی پڕۆسەکانی بەدواداوچوون، هەڵسەنگاندن، راهێنان، پشکنینی سەلامەتی ناوماڵ و دابینکردنی پاڵپشتیی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەلایەن توێژەری کۆمەڵایەتی (محەمەد عومەر کانی)، خێزانێک گەیشتنە قۆناغی پەسەندکاری و منداڵێکی خانەی ساوایانیان پێ سپێردرا.
هۆبەی خێزانی جێگرەوە ئاماژەی بەوەش داوە، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی ئەو خێزانە دەکەن کە بە ئارامییەکی زۆرەوە قۆناغەکانی پڕۆسەکەیان بەسەرکەوتوویی بڕی، هاوکات دەستخۆشی لە توێژەری کۆمەڵایەتیی پڕۆژەکە دەکەن بۆ ئامادەکردنی سەرکەوتووانەی خێزانەکە و بەئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆسە مرۆییە.
بەپێی زانیارییەکانی هۆبەی خێزانی جێگرەوە، تاوەکو ئێستا لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر و لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، حەوت خێزان منداڵیان پێ سپێردراوە، بە مەبەستی ڕزگارکردنیان لە خانەکانی چاودێری و دابینکردنی ژیانێکی شایستە لە ناو خێزاندا.