جووتیارانی عێراق گردبوونەوە و داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن

وێنە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا
وێنە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا

بەهۆی دابەش نەکردنی شایستە داراییەکانی ساڵی 2025 و راگرتنی گرێبەستە کشتوکاڵییەکانیان، ژمارەیەک لە جووتیارانی عێراق لەبەردەم وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەغدا دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و داوای وەڵامدانەوەی خێرا بۆ کێشەکانیان دەکەن.

ژمارەیەک لە جووتیارانی پارێزگای بابل، لەبەردەم وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ناڕەزایەتییان دەربڕی و جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە بەردەوامەکانیان کردەوە، لە سەرووی هەموشیانەوە پرسی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکان و گرێبەستە کشتوکاڵییەکان.

یەکێک لە جووتیارە خۆپیشاندەرەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، خێزانەکانیان لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لەو زەویانەدا کار دەکەن، سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا بەزۆرەملێ راگواسترابوون، بەڵام دوای ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.

ئەو جووتیارە ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2008دا بەپێی یاسا بەرکارەکان گرێبەستی فەرمیان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ بۆ کراوە و تاوەکو ساڵی 2020 هەر چوار ساڵ جارێک نوێ کراونەتەوە، کەچی لەو کاتەوە بەدواوە گرێبەستەکانیان راگیراون. گوتیشی: هۆکارەکەی بۆ کاریگەریی نەرێنیی کەسانی پەیوەندیدار بە رژێمی پێشوو و کابینەی رابردووی حکوومەت گەڕاندەوە و رەتی کردەوە پاساوی یاسایی بۆ ئەم دواخستنە هەبێت، بەتایبەت کە لە رووی خزمەتگوزارییەوە ناوچەکانیان ئاوەدان کراونەتەوە و رێگەوبان و قوتابخانەیان تێدایە.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانیشیان، خۆپیشاندەرەکە روونی کردەوە، لە ساڵی 2025دا تەنیا بەشێکی سەرەتایی پارەکەیان وەرگرتووە کە بۆ هەر جووتیارێک زیاتر لە 20 ملیۆن دینار بووە، بەڵام باقییەکە سەڕەڕای بەڵێنەکانی حکوومەتی نوێ بۆ پێدانی بڕی 15 ملیۆن دینار و دابینکردنی بەشەکەی تریش، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نەگەیشتووەتە دەستیان و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبێت تاوەکو مافەکانیان بۆ دابین دەکرێت.