دەستەی دەستپاکی: لە ئەنبار 34 تۆمەتبار دەستگیرکران
دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، مەفرەزەکانیان لە پارێزگای ئەنبار توانیویانە هەوڵێکی دەستبەسەرداگرتنی 40 دۆنم زەوی دەوڵەت پووچەڵ بکەنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانی دەستگیرکردن و بانگهێشتکردن بۆ 34 تۆمەتبار دەرچووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی فیدارڵ، تیمی لێکۆڵینەوەی نوسینگەی ئەنبار بەدواداچوونی مەیدانییان بۆ چەند فەرمانگەیەک کردووە، لەوانە؛ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری خانوبەرە، پلاندانانی ئاوەدانی، لقی باجی فەلوجە و کۆمەڵەی هەرەوەزی نیشتەجێبوون. دوای وردبینی، دەرکەوتووە، هەوڵدراوە دەست بەسەر دوو زەوی سەر بە وەزارەتی دارایی بگیریت کە رووبەرەکەیان 40 دۆنمە.
تۆمەتبارەکان لە رێگەی ساختەکاری لە بەڵگەنامەکانی خاوەندارێتی، زەوییەکانیان بە ناوی کۆمەڵەی هەرەوەزی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکە تۆمار کردووە. دواتر زەوییەکەیان بۆ 336 پارچە زەوی بچووک دابەش کردووە. بەگوێرەی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، بەهای ئەو زەوییانە دەگاتە یەک ملیار و 831ملیۆن و 500 هەزار دینار.
دەستەی دەسپاکی ئاماژەی بەوە کردووە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو 34 تۆمەتبارە جێبەجێ کراوە، لە نێوانیاندا فەرمانبەر و کەسانی دەرەوەی فەرمانگەکان هەن.
لای خۆیەوە دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە رومادی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بۆ زەوییەکان دەرکردووە و هەموو جۆرە مامەڵەپێکردنێکی تێدا قەدەخە کردوون، تۆمەتبارەکان بەگوێرەی ماددەکانی 289 و 298 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.