لە ئەمریکا تۆڕێکی گەورەی رێکخستنی هاوسەرگیریی ساختە هەڵوەشێنرایەوە

لە ئەمریکا 11 کەس بە تۆمەتی رێکخستنی زیاتر لە 1000 هاوسەرگیریی ساختە دەستگیر کران، کە ئامانج لێیان دابینکردنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بووە بۆ ئەو بیانییانەی هەوڵی بەدەستهێنانی مافی نیشتەجێبوون دەدەن، زۆربەی ئەوانەی هاوسەرگیرییەکەیان بۆ رێکخراوە هاووڵاتیی چینی بوونە.

تۆد بلانش، وەزیری دادی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا ئەم دۆسیەیەی بە "يەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی فێڵکردنی پەیوەست بە هاوسەرگیری لە مێژووی ئەمریکا ناوبرد".

وەزیری داد جەختی کردەوە "واشنتن تەنیا سنوورەکانی لە پەڕینەوەی نایاسایی ناپارێزێت، بەڵکو کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پلانە ساختانەش دەکات کە ئامانجیان تێپەڕاندنی یاساکانی کۆچبەرین."

بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، هاووڵاتییانی چینی تا 100 هەزار دۆلاریان لەبەرامبەر رێکخستنی هاوسەرگیری لەگەڵ هاووڵاتییانی ئەمریکی داوە، ئەمەش رێگەی پێداون داواکاری بۆ بەدەستهێنانی گرین کارت و مافی کارکردن لە ئەمریکا پێشکەش بکەن، لە بەرانبەردا، هەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی بۆ بەشداریکردن لەم هاوسەرگیرییە ساختانەدا بڕی 30 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە.

وەزیری دادی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەم پلانە پرۆسەیەکی خێرا یان کاتی نەبووە، بەڵکو چەند ساڵێکی خایاندووە و ملیۆنان دۆلاریان قازانج کردووە، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، 10 کەسیان هاووڵاتیی ئەمریکیی بە رەچەڵەک چینین و کەسێکیش خاوەنی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیییە.

لەلای خۆیەوە، جیمی ماکدۆناڵد، داواکاری گشتیی ناوچەی باشووری نیویۆرک، راگەیاند "تۆمەتباران و هاوبەشەکانیان لە ماوەی دەیەی رابردوودا زیاتر لە 1000 هاوسەرگیریی ساختەیان رێکخستووە."

ماکدۆناڵد ئاماژەی بەوەش دا، تۆمەتباران هاووڵاتییانی ئەمریکییان بۆ بەشداریکردن لەم هاوسەرگیرییە ساختانەدا بەکرێ گرتووە و بۆ فریودانی دەسەڵاتدارانی کۆچبەری، رێورەسمی هاوسەرگیریی ناڕاستەقینەیان بۆ رێکخستوون کە جلی بووکێنی و زاوا، وێنەگر، میوان و تەنانەت پیاوی ئایینی لەخۆگرتووە، بە ئامانجی دروستکردنی متمانە بۆ دروستیی پەیوەندییەکانیان لەبەردەم فەرمانگەکانی کۆچبەران.

لە ئێستادا، تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ فێڵکردنی پەیوەست بە هاوسەرگیری و کۆچبەری کە سزاکەی تا 5 ساڵ زیندانیکردنە، لەگەڵ تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ هاندانی نیشتەجێبوونی نایاسایی بیانییەکان کە زۆرترین سزای تا 10 ساڵ زیندانیکردنە، ئاراستەی تۆمەتباران کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.