کۆگاکانی نەوت بەرگەی شەش مانگی دیکەی جەنگ دەگرن؟
بازاڕی جیهانیی نەوت رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی بێوێنە بووەتەوە بەهۆی بەردەوامیی جەنگی نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل دژی ئێران لەکاتێکدا پەککەوتنی گەیاندنی نەوت بووەتە قەیرانێکی درێژخایەن، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا جیهان دەتوانێت بۆ شەش مانگی دیکە خۆڕاگر بێت ئەگەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەر بە سنوورداری بمێنێتەوە؟
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "رۆیتەرز" کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا جیهان نزیکەی 2.6 ملیار بەرمیل نەوتی لە دەستداوە، ئەمەش گەورەترین دابڕانی کەڵەکەبووی هەناردەیە لە مێژوودا، ئەگەر ئەو قەیرانە هەژمار نەکەین کە هاوکاتی شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 روویدا، ئەم بڕە نەوتە یەکسانە بە 25 رۆژ لە بەکاربردنی گشتیی جیهان پێش دەستپێکردنی جەنگ، لە ئێستادا کورتهێنانی رۆژانەی نەوت بە 5 ملیۆن بەرمیل مەزەندە دەکرێت، بەڵام کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی دەڵێت زیانەکانی ناوچەی کەنداو دەگاتە 11 ملیۆن بەرمیل رۆژانە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاندووە، 900 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی حکوومی لە وڵاتانی ئەندامدا ماوەتەوە، ئەم بڕە بە تیۆری بەشی 180 رۆژ دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە 5 ملیۆن بەرمیلەی کە هەیە، بەڵام ئەمە تەنها ژمارەیە، چونکە دەرهێنانی نەوت لەو کۆگایانە و گەیاندنی بە پاڵاوگەکان و گواستنەوەی بۆ بازاڕەکان، رووبەڕووی بەربەستی تەکنیکی و ژێرخانی زۆر دەبێتەوە.
مەترسییە گەورەکە تەنها نەوتی خاو نییە، بەڵکو بەرهەمە نەوتییەکانی وەك گازوایل و سووتەمەنی فڕۆکەیە، لەمبارەیەوە بانکی "مۆرگان ستانلی" ئاماژە بەوە دەکات، کۆگاکانی گازوایل و سووتەمەنی فڕۆکە لە جیهاندا گەیشتوونەتە نزمترین ئاستی خۆیان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، هەروەها زیانگەیشتن بە پاڵاوگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووسیا وایکردووە توانای گۆڕینی نەوتی خاو بۆ سووتەمەنی بە رێژەی 3 ملیۆن بەرمیل رۆژانە کەم بێتەوە.
چین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە باشتر دەتوانێت بەرگەی ئەم قەیرانە بگرێت، بەپێی ئامارەکان، چین خاوەنی 1.7 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، ئەم بڕە بەشی ئەوە دەکات کە بۆ ماوەی ساڵێك پێویستییەکانی ئەو وڵاتە پڕ بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەو نەوتەشی لێ ببڕێت کە لە گەرووی هورمزەوە بۆی دەچێت.
لە کۆتاییدا، هەرچەندە کۆگاکانی نەوت دەتوانن وەك هێڵێکی بەرگریی کاتی بۆ ماوەی شەش مانگ کار بکەن، بەڵام بەردەوامیی جەنگ و بەکارهێنانی بەرهەمی کۆگا یەدەگەکان و پەککەوتنی پاڵاوگەکان، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی وزەی جیهان دروست دەکەن، هاوکات راپۆرتەکە جەختی لەوەکردووەتەوە، چارەسەری بنەڕەتی تەنیا گەڕانەوەی رەوتی ئاسایی نەوتە لە گەرووی هورمزەوە.