زیانە گەورەکانی ئەمریکا؛ لەدەستدانی 25%ـی درۆنەکانی MQ9 لە جەنگی ئێراندا

رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشکرای کرد، سوپای ئەمریکا لە ماوەی جەنگی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا، لانی کەم 45 درۆنی پێشکەوتووی لە جۆری "MQ-9 Reaper  لە دەستداوە.

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، سوپای ئەمریکا لانی کەم 45 درۆنی جۆری "MQ-9 Reaper" لە کاتی جەنگ و ململانێکان لەگەڵ ئێراندا لە دەستداوە، کە ئەم رێژەیە نزیکەی 25%ـی کۆی گشتیی ئەم جۆرە درۆنانەی سوپای ئەمریکا پێکدەهێنێت.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو، ئەم زیانە قورسانە بە زیاتر لە 1.3 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن، کە دەچنە پاڵ لیستێکی ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە بەهۆی جەنگەوە بە خێرایی داڕماون و کەمبوونەتەوە، لە نێویاندا مووشەکەکانی جۆری "توماهۆک"، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیی "باتریۆت" و سیستمی بەرگری مووشەکیی "تاد".

ئەمەش لە کاتێکدایە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری MQ-9 بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پرۆسەکانی چاودێری، سیخوڕی و لێدانی ئامانجی وردی سەربازیدا بەکاردەهێنرێت، و تێچووی هەر دانەیەکیان بە پێی جۆری پێداویستییە تەکنەلۆژی و هەستیارە جیاوازەکانی ناوی لە نێوان 30 بۆ 50 ملیۆن دۆلار دایە.

بەکارهێنانی چڕی ئەم درۆنانە لە گەرووی هورمزدا بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕێڕەوە دەریاییە ببێتە سەرەکیترین خاڵی پێکدادان و، ئەمەش فڕۆکەکانی ئەمریکای کردووەتە ئامانجێکی ئاسان بۆ سیستمە بەرگرییەکانی سوپای ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.