تەندروستیی دهۆک: 70%ی هاووڵاتییان لە نەخۆشخانەی سێمێل سوودمەند دەبن
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاشکرای دەکات، بە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی سێمێل دەکرێتە نەخۆشخانەیەکی گشتیی فێرکاریی 300 تەختی. جەختیش دەکاتەوە زیاتر لە 70٪ی دانیشتووانی دهۆک خزمەتگوزاریی تەندروستی لە کەرتی گشتی وەردەگرن.
د. ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک بەکوردستان24 رایگەیاند: گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانی ئیمزا کردووە بۆ فراوانکردنی نەخۆشخانەی سێمێل، کە لە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنەوە بە دیزاینێکی هاوچەرخ دەکرێتە نەخۆشخانەیەکی گشتیی فێرکاریی 300تەختی. دیاریشی کرد کە تەواوی تێچووی پڕۆژەکە لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و دەیان هەزار هاووڵاتی و سەدان قوتابیی پزیشکی و پەرستاری لێی سوودمەند دەبن.
لەبارەی گەشەسەندنی کەرتی تەندروستی لە پارێزگاکە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2020ەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 550 تەختی نوێ بۆ نەخۆشخانەکانی دهۆک زیاد کراون. جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم ساڵانە زیاتر لە 305 ملیار دینار تەنها بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی ئومێدی تایبەت بە شێرپەنجە لە دهۆک تەرخان دەکات.
د. ئەفراسیاب موسا سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی جەڵتەی دڵ لەناو گەنجاندا روونیکردەوە: شەونخونی، نەبوونی خەوی ڕێک، گۆڕانی شێوازی ژیان و زیادبوونی دیاردەی کێشانی جگەرە و نێرگەلە هۆکاری سەرەکین. هاوكات ئاماژەی بەوەش دا بەپێی ئامارەکان 46.6٪ی کۆمەڵگەی عێراق و هەرێم لەژێر تەمەنی 18ساڵییەوەن، ئەمەش وا دەکات ڕێژەی تووشبوون لەناو گەنجاندا دیارتر بێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک باسی لەوە نمود کە زیاتر لە 70٪ی خەڵکی دهۆک روو لە کەرتی گشتیی تەندروستی دەکەن، هەروەها داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەنزیکترین کاتدا پڕۆژەی نەخۆشخانەی بەردەڕەش دەستپێبکاتەوە، کە بەهۆی پێگەی جوگرافیی ڕێگای بەردەڕەش و پێویستیی شاری ئاکرێ و دەوروبەری، پێویستییەکی بەپەلە و بەپەلامارە بۆ ناوچەکە.