لە سلێمانی پێشانگەی شێوەکاری 'ئاڵنگاری هێڵ و رەنگ' کرایەوە

کوردۆ فاخیر، هونەرمەندی شێوەکار، پێشانگەیەکی تایبەت بە تابلۆکانی خۆی لەژێر ناونیشانی "ئاڵنگاری هێڵ و رەنگ"، لە گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی کردەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 14ی ئابی 2026، کوردۆ فاخیر، هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم پێشانگەیە بۆ من هەوڵێکە بۆ پیشاندانی ئەو گەشتە هونەرییەی کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا تێیدا ئەزموونم کرد. پێنج ساڵ خوێندن لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان و ئەزموونەکانی ترم وایان کردووە بە شێوەیەکی جیاواز سەیری مرۆڤ، کولتوور و ژیانی دەروونی بکەم."

گوتیشی، "لەم پێشانگەیەدا هەوڵم داوە لە سنووری راستیی دیاریکراوی فۆرمەکان دەربچم و جیهانی ناوخۆی مرۆڤ بخەمەڕوو. شێواندنی فۆرم، تێکەڵکردنی رەنگەکان و بەکارهێنانی بوێرانەی رەنگ، لە ئامرازە سەرەکییەکانی ئەم بەشەی کارەکانی منن. لە رێگەی ئەم شێوازەوە، هەوڵ دەدەم قووڵایی دەروونی مرۆڤ، ململانێ فەلسەفییەکان، خەم، هیوا و راراییە دەروونییەکان بە شێوەیەکی هەستی و بینراو دەربڕم."

کوردۆ فاخیر باس لە گرنگیی تابلۆکانی دەکات و دەڵێت، "لە کارە دەربڕینەکانم دا زۆر گرنگیم بەوە داوە کە تەنیا شێوەی دەرەوەی شتەکان پیشان نەدەم؛ بەڵکو ئەو هەستانەی لە پشت ئەو شێوەیەوە هەن، بگەیەنم. بۆیە شێواندنی فۆرم و رەنگ بۆ من تەنیا شێوازێکی هونەری نییە، بەڵکو زمانێکە بۆ قسەکردن لەگەڵ بینەر."

کوردۆ فاخیر باس لە کارە کولتوورییەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "کارە کولتوورییەکانی من دەگەڕێتەوە بۆ رەگ و ریشە و مێژووی خۆم و کولتووری کوردی. بەڵام ئەم گەڕانەوەیە بە شێوەیەکی کلاسیکی نییە؛ بەڵکو هەوڵم داوە مۆتیڤە فۆلکلۆری و هێما کولتوورییەکان لەگەڵ زمانێکی مۆدێرن و هاوچەرخ تێکەڵ بکەم."

کوردۆ فاخیر ئاماژەی بەوەش دا، "کاتێک باس لە کولتوور دەکەم، مەبەستم تەنیا دووبارەکردنەوەی شێوە و مۆتیڤە کۆنەکان نییە. دەمەوێت پیشانی بدەم کە دەتوانین لە رەگ و ریشەی خۆمانەوە دەست پێ بکەین و بە زمانێکی نوێ و هاوچەرخ قسە بکەین. بۆ من رەسەنایەتی و مۆدێرنیتە دژ بە یەک نین، بەڵکو دەتوانن یەکدی تەواو بکەن."

کوردۆ فاخیر، هونەرمەندی شێوەکار، دانیشتووی شاری سلێمانییە. دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە. کوردۆ بەشداری چەندین چالاکی و پێشانگەی هاوبەشی جۆراوجۆری لە ناوخۆی کوردستان کردووە.