هونەرمەند کانی نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "کانی" بڵاوکردەوە
کانی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "کانی" بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەو گۆرانییەم بە دەنگی دڵ گوتووە و بڕیار بوو لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاوبێتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی رۆژئاوا و دواتر رۆژهەڵات، بەرهەمەکەم دواخست."
ئەمڕۆ شەممە، 15ی ئابی 2026، کانی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئاواز و میلۆدیی گۆرانییەکەم لەلایەن ساسان سەمەدی ئامادە کراوە و شیعری گۆرانییەکە لە نووسینی شاعیر ناسر حیسامییە. هەروەها سوپاسی هاوڕێ میوزیسیانەکانم دەکەم کە لە یەکەم ئەزموونی هاوبەشیاندا بەشداریی ئەم بەرهەمەی منیان کردووە."
گوتیشی، "ساسان سەمەدی لە ئاواز، دابەشکردنی مۆسیقا و کەمانچە بەشداری کردووە، تاهیر میرسەیدی سەنتور و عود، جەعفەر رەشادەت تار، میلاد قوڕەیشی دەف و بێندیر، و سامان ئەلیاسی زەربی ژەنیوە. ئامادەکردن و دابەشکردنی میوزیکی گۆرانییەکەم لەلایەن ئومێد رەهڕۆ کراوە و کاوەری کارەکە لەلایەن سەروەر ئەلیاسی ئەنجام دراوە."
کانی باس لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمە تایبەتەکەی دەکات و دەڵێت، "ئەو گۆرانییەم بە دەنگی دڵ گوتووە و بڕیار بوو لە سەرەتای ئەمساڵدا بڵاوبێتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی رۆژئاوا و دواتر رۆژهەڵات، بەرهەمەکەم دواخست. لە ئێستادا پێم باش بوو بڵاوی بکەمەوە و هیوادارم بە دڵی هەموو گوێگرە ئازیزەکانم بێت."
کانى، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە بەرزنجە لە دایکبووە و لە تەمەنى سێ ساڵی هاتۆتە شاری سلێمانى، پەیمانگەى هونەرە جوانەکانی بەشى میوزیکى لە سلێمانى تەواو کردووە. کانی خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە.