دانیشتووانی تۆپزاوە: زەوییەکانمان داگیر دەکرێن
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی2026، دانیشتووانی رەسەنی گوندی تۆپزاوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوانیان لە تەنیشت یادگاریی ئازاربەخشی ئەنفالکراوان رێکخست. ئەم ناڕەزایەتییە لە دژی بڕیارێکی ئیدارەی کەرکووک دێت کە دەیەوێت بە ناوی ماستەرپلانی شارەوە دەست بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیەدا بگرێت.
بەگوێرەی بەیاننامەی فەرمی جووتیارانو خەڵکی گوندی تۆپزاوە، ئیدارەی ئێستای کەرکووک دەیەوێت پاشکۆیەتی بۆ بڕیارە شۆفێنییەکانی رژێمی بەعس بکات کە لە ساڵی 1975دا بە شێوەیەکی نایاسایی دەستی بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد و تورکمانی گوندی تۆپزاوەدا گرتبوو.
جووتیاران رایانگەیاند؛ ئەمە جەنگێکی چارەنووسسازە بەرامبەر گۆڕینی دیمۆگرافیا و سڕینەوەی ناسنامەی رەسەنی ناوچەکە، چونکە ماستەرپلانە نوێیەکە تەواوی کەرتی 24ـی تۆپزاوە دەگرێتەوە و مەترسیی دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر خەڵکی نامۆدا لە ئارادایە.
جووتیارێکی ناوچەکە بۆ کوردستان24 گوتی: "ئیدارەی کەرکووک دەیەوێت بە بیانووی فراوانکردنی شار، 50 هەزار پارچە زەوی لەسەر خاکی باوباپیرانی ئێمە دابەش بکات کە 51 ساڵە داگیرکراوە. ئەم بڕیارە نەک هەر دژی ماددەی 140ـی دەستوورە، بەڵکو دژی ئەو یاسایانەشە کە لە پەرلەمانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی مافی جووتیاران دەرچوون."
لە بەیاننامە فەرمییەکەدا کە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، پێنج داواکاری سەرەکی خرانەڕوو؛ ئەندامانی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگا، دەبێت بە فەرمی دژی ماستەرپلانی کەرکووک بوەستنەوە کە پڕۆسەی تەعریبکردنی گوندی تۆپزاوەی تێدایە. نوێنەرانی کورد و تورکمان لە پەرلەمانی عێراق، پێویستە بەدواداچوونی رژد بکەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2025، کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشوو و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان. هەروەها تا جێبەجێکردنی یاسای ناوبراو، دەبێت هەر پڕۆژەیەک بە ناوی ماستەرپلانەوە لەو ناوچەیە رابگیرێت. هەروا داوا دەکەین حکوومەتی عێراق بە پەلە رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان دەربکات. داواش لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەکرێت رێگری بکەن لەوەی سوپای عێراق ببێتە ئامراز بۆ داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان.
لەکۆتاییدا، دانیشتووانی تۆپزاوە جەختیان کردەوە، خاکی گوندەکەیان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن سیمای نەتەوەیی و دیمۆگرافیای ناوچەکەیان بگۆڕدرێت و تا کۆتایی لەسەر خاکی خۆیان دەمێننەوە.