بەغدا.. دەستبەسەر زیاتر لە 800 دراوی کۆنی شوێنەواریدا گیرا
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە بەغدا، پرۆسەیەکی قاچاخی دراوی شوێنەوارییان پووچەڵ کردووەتەوە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 800 پارچە دراوی کۆندا گرتووە کە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە هاوردە کرابوون.
یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، مەفرەزەکانی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو لە بەشی بەغدا رەسافە، توانیویانە لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستبەجێ تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن کە لە هەوڵی قاچاخکردنی دراوی کۆندا بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا، دەست بەسەر زیاتر لە 800 پارچە دراوی کۆنی شوێنەواریدا گیراوە کە لە دەرەوەی سنووری وڵاتەوە هێنرابوونە ناو عێراق.
ئاژانسی هەواڵگری ئاشکرای کرد، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە بە مەبەستی بازرگانیکردن و ساخکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییەکان، ئەو دراوە مێژووییانەی لەلای خۆی هەڵگرتووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی بەردەوام دەبن لە چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی قاچاخ و بازرگانیکردن بە شوێنەوارەکانەوە، لە پێناو پاراستنی میراتی شارستانی، مێژوویی و کولتووریی وڵاتدا.