پارتی گەشەپێدانی تورکمان: ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی ترسناکن لەسەر خەڵکی کوردستان
پارتی گەشەپێدانی تورکمان: هەرێمی کوردستان بنکەیەکی ئارامییە بۆ گشت پێکهاتەکان
محەمەد سەعدەدین ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، راگەیەندراوێکی لەبارەی پەلاماردانی نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن بڵاوکردەوە و بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، لە راگەیەندراوەکەی پارتی گەشەپێدانی تورکماندا هاتووە "ئیدانەی ئەم هێرشە ناڕەوایانە دەکەین کە کراوەتە سەر ئۆفیسی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن."
ئاماژە بەوەش کراوە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە و لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسیی دیموکراتیی رێکخراودا بەڕێوەدەبرێت، هاوکات بنکەیەکی ئارامییە بۆ گشت پێکهاتەکانی کوردستان کە نموونەی برایەتی، تەبایی و پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانە.
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەم جۆرە هێرش و رەفتارانە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی ئاشتی و یاسا نێودەوڵەتییەکانن و پێشێلکاریی راستەوخۆن بۆ سەروەریی وڵات، راشیگەیاندووە "ئەم جۆرە هێرشانە هەڕەشەیەکی ترسناکن لەسەر خەڵکی کوردستان، قەوارەی هەرێم و ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە."
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئابی 2026، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
دژەتیرۆری کوردستان جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و رایانگەیاند "ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە."