رەوتی غەدی سووری: ئامانجی ئێران تێکدانی سەقامگیریی کوردستانە
رەوتی غەدی سووری بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جەربا، سەرکۆنەی توندی هێرشە درۆنییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات. رایدەگەیەنێت، ئەم هێرشانە هەوڵێکی بەرنامەبۆداڕێژراون بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و لێدان لەو مۆدێلە شارستانییەی کە لە هەرێمەکەدا هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، ئەحمەد عوینان جەربا، سەرۆکی رەوتی غەدی سووری، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئاراستەکردنی درۆنە ئێرانییەکان بۆ سەر نووسینگەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجامدرا".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەئامانجگرتنی پیرمام و هەولێر، تەنیا بە بیانووی لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراوە کە ئامانج لێی لێدانە لە ئاسایش و دەستکەوتە ئابووری، سیاسی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.
جەختیشیکردووەتەوە، ئەو مۆدێلە شارستانییەی کە هەرێمی کوردستان بونیادیناوە، باڵی توندڕەو لە ئێران ناتوانێت قبوڵی بکات یان رێگە بە گەشەکردنی بدات، چونکە ئەو ئەزموونە بە تەواوی پێچەوانەی سیاسەتە توندڕەوەکانی ئەوانە.
سەرۆکی رەوتی غەدی سووری هۆشداریش دەدات، ئەو لایەنانەی پەنا بۆ ئەم جۆرە هێرشانە دەبەن، پێش هەموو کەسێک زیان بە ئێران دەگەیەنن و بەم جۆرە سیاسەتانە پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ دراوسێکانی و جیهان تێکدەدەن.