هاوپەیمانیى سیادە: هێرشکردنە سەر نووسینگەى مەسرور بارزانى کارێکى تیرۆریستییە
هاوپەیمانیى سیادە سەرکۆنەى هێرشە درۆنییەکانى سەر پیرمام دەکات و بە "کارێکى تیرۆریستى" وەسفیان دەکات. سەرمەد خەنجەر سەرۆکى هاوپەیمانییەکە رایدەگەیەنێت، بەئامانجگرتنى دامەزراوە فەرمییەکان مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریى عێراق و داوا لە حکوومەتى فیدراڵى دەکات رێگریی لە دووبارەبوونەوەى ئەو جۆرە هێرشانە بکات کە بەرژەوەندیى هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.
ئەمە دەقى بەیاننامەى هاوپەیمانیى سیادەیە:
هاوپەیمانیى سیادە سەرکۆنەى ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانى، و شوێنى حەوانەوەى بەڕێوەبەری ئاژانسى "پاراستن" لە هەولێر. هاوپەیمانییەکە ئەم هێرشە بە کارێکى تیرۆریستى و بە ئامانجگرتنى راشکاوى دەوڵەت دادەنێت، کە پەرەسەندنێکى نیگەرانکەر و دەستدرێژییەکى رەتکراوەیە بۆ سەر ئاسایشى عێراق و سەلامەتى دامەزراوەکانى.
هاوپەیمانییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنى ئاسایش و سەروەریی عێراق بەرپرسیارێتى دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانە، هەر لایەنێک لە پشت ئەم هێرشانەوە بێت، ئەوا زیان بە شکۆى دەوڵەت دەگەیەنێت و هەڕەشە لەو سەقامگیرییە دەکات کە عێراق لەم قۆناخەدا پێویستى پێیەتى.
هاوپەیمانیى سیادە داوا لە حکوومەتى فیدراڵى و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دەکات، رێکارى پێویست بگرنەبەر و کار بکەن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەى ئەم جۆرە رووداوانە، چونکە دۆخە ئەمنى و سیاسییەکە ئاڵۆز دەکەن و بەرژەوەندیى هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.
سەرمەد خەنجەر
سەرۆکى هاوپەیمانیى سیادە