هاوپەیمانی مەسیحی: هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین
هاوپەیمانی مەسیحی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، پێشێلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێم و عێراق.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، هاوپەیمانییەکە رایگەیاندووە " بە توندترین شێوە هێرشە درۆنییەکانی ئەمڕۆی سەر ئۆفیسی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن سەرکۆنە دەکەین".
راشیگەیاندووە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی مەترسیدارە بۆ سەروەری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق.
جەخت دەکاتەوە "ئێمە لە هاوپەیمانی مەسیحی، پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی هەرێم دەردەبڕین، و جەخت دەکەینەوە کە هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ئاسمان و خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکاتە مەیدانی ملمـلانێ و هەژموونی ناوچەیی".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەرێمی کوردستان ماوەیەکی درێژە سیاسەتی ئاشتی و پێکەوەژیان و دوورکەوتنەوە لە ملمـلانێ ناوچەییەکان پەیڕەو دەکات؛ بۆیە پاراستنی ئاسایش و سەروەرییەکەی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و یاساییە".
لە کۆتاییدا هاوپەیمانی مەسیحی ئاماژەیداوە، ئەم جۆرە هێرشانە ناتوانن ئیرادەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بشکێنن، و ئێمە لە گەڵ حکوومەت و خەڵکی کوردستان دەوەستین بۆ پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و سەروەریی خاکەکەمان.