سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی دەکات
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی هەرێم؛ هاوکات جەختی کردەوە کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی عێراق و داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد رێکاری بەپەلە بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە بەر.
دووشەممە 17ـی ئابی 2026، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ، هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پێشهاتێکی مەترسیدار وەسف کرد و رایگەیاند: سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکات کە نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی لە هەرێم کردە ئامانج. ئەم هێرشە پێشهاتێکی مەترسیدار و رەتکراوەیە کە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق، ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی تەواوی عێراق کردەوە؛ هاوکات ئاماژەی داوە، بە ئامانجگرتنی هەر بەشێک لە خاکی وڵات، یاخود بەرپرسان و دامەزراوە فەرمییەکانی، بە هیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ پاساو و بارودۆخێکدا قبووڵکراو نییە.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەتی وڵاتەکەی و دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دەکات دەستبەجێ بەدواداچوون بۆ وردەکاری و لێکەوتەکانی ئەم دەستدرێژییە بکەن، و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی بگرنە بەر.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە سەبارەت بە پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ و گرژییە هەرێمییەکان و رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵات، و رایگەیاند: پێویستە دیالۆگ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان بکرێنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بە جۆرێک کە ئاسایشی عێراق بپارێزێت و ناوچەکەش لە ئاڵۆزی و پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان بەدوور بگرێت.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری. دەشڵێت، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.