مەترانی کڵێساکانی هەولێر سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەکەن

مەترانەکانی کڵێساکانی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەیان کرد کە لە ڕێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن؛ هاوکات وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی تەواو لەگەڵ سەرۆک وەزیران و گەلی کوردستان، داوایان لە حکوومەتی فیدراڵی کرد ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بکات.

دووشەممە 17ـی ئابی 2026، مەتران بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەسقەفەکانی ئیبارشیەی هەولێر بۆ کلدان، مەتران نیقۆدیمۆس داود مەتی شەرەف، سەرۆکی مەزهەبی سریانی ئەرسەدۆکس لە مووسڵ، کەرکووک و هەرێمی کوردستان، مەتران نەسنائیل نزار سەمعان، سەرۆکی ئەسقەفەکانی ئیبارشیەی حەدیاب بۆ سریانی کاسۆلیک لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی لەسەر ئەو هێرشەی لە ڕێگەی دوو درۆنەوە ئەنجام درا و تیایدا نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن کرانە ئامانج، و سوپاسی خوایان کرد کە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم دەستدرێژییە دەکەین کە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سەلامەتیی هاووڵاتییان.

مەترانەکان جەختیان لە دەربڕینی هاوسۆزی و برایەتیی تەواو لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دامەزراوە فەرمییەکان و خەڵکی کوردستان کردەوە و داوایان لە حکوومەتی فیدراڵی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا کرد تاوەکو بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی وڵات هەڵبگرن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دەستدرێژییانە بکەن.

هەروەها مەترانەکانی کڵێساکانی هەولێر بانگەوازیان لە سەرجەم لایەنەکان بۆ پەنابردنە بەر زمانی دیالۆگ، ڕێزگرتن لە یاسا و پاراستنی کەرامەت و مافی گەلان کرد.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران."

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی  لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن هێرشی کردووەتە سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری. دەشڵێت، هێرشەکە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.