زیاتر لە 6 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە و 18 هەزار هاوسەرگیری لە عێراق تۆمار کراوە

ئەمرۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری فەرمیی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەرانی بۆ مانگی تەممووزی ساڵی 2026 بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان لەو مانگەدا زیاتر لە شەش هەزار حاڵەتی جیابوونەوە بەمەش بەراورد بە مانگی حوزەیران ژمارەکە زیادی کردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە سەرجەم دادگاکانی تێهەڵچوونەوە لە پارێزگاکانی عێراقدا 18 هەزار و351  گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمار کراون، لە بەرامبەردا شەش هەزار و 352  حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراون. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە پارێزگای بەغدا لە پلەی یەکەمی رێژەی جیابوونەوەدا هاتووە؛ بە شێوەیەک لە دادگای رەسافەی بەغدا هەزار و 407 حاڵەتی جیابوونەوە بەرامبەر دوو هەزار و 131 هاوسەرگیری تۆمار کراون، هەروەها لە دادگای کەرخی بەغدا هەزار و 213 حاڵەتی جیابوونەوە بەرامبەر هەزار و 927 هاوسەرگیری تۆمار کراون، بەمەش کۆی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە بەغدا گەیشتووەتە دوو هەزار و 620 حاڵەت، کە دەکاتە زیاتر لە 41%ـی کۆی گشتیی جیابوونەوەکانی وڵات لەو مانگەدا.

سەبارەت بە زۆرترین رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیری، پارێزگای نەینەوا لە پلەی یەکەمی پارێزگاکاندا هاتووە بە تۆمارکردنی سێ هەزار و 412 گرێبەستی هاوسەرگیری و 590 حاڵەتی جیابوونەوە.

لە دوای نەینەوا، پارێزگای ئەنبار دێت بە تۆمارکردنی هەزار و 817 گرێبەست، و پارێزگای بەسرە بە هەزار و 766 گرێبەستی هاوسەرگیری، هەروەها پارێزگای بەسرە لە دوای بەغدا بەرزترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمار کراوە کە 620  حاڵەت بووە.

ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژە بەوە دەکەن، نزمترین رێژەی جیابوونەوە لە پارێزگای واست تۆمار کراوە کە تەنها 102 حاڵەت بووە بەرامبەر 376 هاوسەرگیری، لە دوای ئەویش پارێزگای موسەننا بە 109 حاڵەت و میسان بە 159 حاڵەت دێن.

ئاماری پارێزگاکانی دیکە:

کەرکووک: 1,382 هاوسەرگیری - 237 جیابوونەوە

سەلاحەددین 1,287 هاوسەرگیری - 194 جیابوونەوە

زیقار 957 هاوسەرگیری - 202 جیابوونەوە

دیالە 732 هاوسەرگیری - 254 جیابوونەوە

نەجەف 528 هاوسەرگیری - 177 جیابوونەوە

کەربەلا 460 هاوسەرگیری - 327 جیابوونەوە

بابل 420 هاوسەرگیری - 221 جیابوونەوە

قادسیة 288 هاوسەرگیری - 244 جیابوونەوە

 

هاوکات لە مانگی حوزەیراندا کۆی گشتیی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە پارێزگاکانی عێراق 6250 حاڵەت بووە.

 

سەرەکیترین هۆکارەکانی جیابوونەوە هاوسەران لە 2026دا

هەژاریی و بێکاری فاکتەری سەرەکی ناکۆکی نێوان هاوسەرەکانە، بەو پێیەی زۆرێک لە گەنجان ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ خێزانەکانیان دەستەبەر بکەن. 

کێشەی دابینکردنی شوێنێکی تایبەت و سەربەخۆی نیشتەجێبوون زۆرێک لە خێزانە گەنجەکان ناچار دەکات لەگەڵ دایک و باوکیان بژین، ئەمەش بووەتە هۆی دەستوەردانی راستەوخۆی خێزان لە ژیانی تایبەتی نێوان هاوسەران و سەرەنجام دەبێتە بڕیاری جیابوونەوەیان.

هەروەها بە گوێرە ئەو دۆسیانەی لە دادگاکان تۆمارکراون، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران، پەیوەندی ناشەرعی و ناپاکییە لە رێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکان، کە بە خێرایی متمانەی لەنێوان هاوسەرەکان نەهێشتووە. 

لەلایەکی دیکەوە هاوسەرگیریی خوار تەمەنی 18 ساڵ، کە هۆشیارییەکی تەواویان سەبارەت بە بەرپرسیارێتی بنیاتنانی خێزان نییە، وایکردووە نەتوانن مامەڵە لەگەڵ چۆنییەتی چارەسەری کێشە و ناکۆکییە بچوکەکان بکەن. 

مارەبڕین لە دەرەوەی دادگا کە هیچ ماف و شایستەیەکی یاسایی لەنێوان هاوسەرەکان ناکاتە مەرجی پێکهێنانی خێزان، دواجار لە دروستبوونی هەر کێشەیەکدا بە جیابوونەوە پەیوەندییەکان کۆتاییان دێت.

بەگوێرەی داتاکان، زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بەهۆی توندوتیژیی نێو خێزان، پێشێلکردنی مافی ئافرەت لەلایەن مێردەکەیەوە روو لە زیادبوونە. هەروەها بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان لەنێو توێژی گەنجاندا، کە زیان بە لایەنی دەروونی و ئابووری بەکارهێنەر دەگەیەنێت، وادەکات بەشێک لە ئافرەتان داوای جیابوونەوەی دەستبەجێی لە دادوەرانی دادگاکان بکەن، هۆکارەکەشی ئەوەی ئەم حاڵەتە بە مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەلامەتی خێزان و منداڵ دەزانن.