پێنتاگۆن پێداچوونەوە بە مانەوەی هێزەکانی لە کەنداودا دەکات

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەستی بە هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ پێگە و ژمارەی هێزە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و تاوتوێی کشانەوە یان گواستنەوەی هێزەکانی لە وڵاتانی کەنداو دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی بنکە گەورەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئێرانەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە و کۆگاکانی مووشەکی بەرگریی واشنتن بەرەو تەواوبوون چوون.

سێشەممە 18ی ئابی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (واشنتن پۆست) کە پشتی بە زانیاریی هەشت بەرپرس و سەرچاوەی ئاگادار بەستووە، جەنگی ئێران دەرفەتێکی مێژوویی بۆ پێنتاگۆن رەخساندووە تا بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێداچوونەوە بە شێوازی مانەوەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا بکات. بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە لەوانەیە ئەو بنکە سەربازییانەی لە کاتی شەڕدا خاپوور کراون، وەک پێشوویان لێ نەکرێتەوە.

ئەم هەڵسەنگاندنە لە لایەن نووسینگەی داڕشتنی سیاسەتەکانی پێنتاگۆنەوە بەڕێوەدەبرێت، هاوکات دەستەی ئەرکانی هاوبەش و فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە سەرۆکایەتیی برادلی کوپەر لە لێکۆڵینەوەکەدا بەشدارن. هەرچەندە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا هێشتا فەرمانی فەرمیی دەرنەکردووە، بەڵام بەرپرسان ئەم هەنگاوە بە پلاندانانێکی ژیرانە بۆ ئاییندە ناودەبەن.

سێنتکۆم نزیکەی 40 هەزار سەربازی لە نزیکەی 20 پێگەی جیاوازدا لە ناوچەیەک بە درێژایی 1،500 میل لە ئوردنەوە تا عومان جێگیر کردووە؛ گەورەترین و سەرەکیترین بنکەکانیش لە کەنداودان، وەک بەحرێن کە میوانداریی بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی دەکات، و کوەیت کە کەرەستە سەرەکییەکانی هێزی زەمینی و ئاسمانیی لێیە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە، سوپای ئەمریکا زیاتر لە 13 هەزار هێرشی ئاسمانیی دژ بە ئێران ئەنجام داوە. لە بەرامبەردا، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی تاران ئەم زیانانەی لێکەوتووەتەوە:

- زیاتر لە 200 دامەزراوە و بنکەی سەربازیی ئەمریکا زیانیان پێگەیشتووە یان بە تەواوی وێران بوون.

- سوپای ئەمریکا زیاتر لە هەزار مووشەکی بەرگریی پێشکەوتووی وەک پاتریۆت و تادی تەقاندووە، ئەمەش کۆگاکانی پێنتاگۆنی تووشی کورتهێنانی توند کردووە.

- کوژرانی 6 سەربازی ئەمریکی لە مانگی ئاداردا لە هێرشەکەی سەر بەندەری شوعەیبە لە کوێت، و کوژرانی 4 سەربازی دیکە لە مانگی رابردوودا لە ئوردن.

پێنتاگۆن بە فەرمی خەمڵاندوویەتی کە تێچووی شەڕی ئێران تا کۆتایی مانگی ئەیلوول دەگاتە نزیکەی 37.5 ملیار دۆلار، بەبێ هەژمارکردنی پارەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی بنکە وێرانبووەکان. پەیمانگەی ئینتەرپرایزی ئەمریکی (AEI) پێشبینی دەکات چاککردنەوەی بنکە زیانپێکەوتووەکان پێویستی بە لانیکەم 5 ملیار دۆلاری دیکە هەبێت.

وڵاتانی کەنداو کە بۆ چەندین دەیە پشتیان بە چەتری ئەمنیی ئەمریکا بەستووە، نیگەرانن لەوەی کشانەوەی هێزەکانی واشنتن وایان لێبکات لە بەرامبەر ئێراندا بێ بەرگری بمێننەوە، بەتایبەت کە لە ئیدارەی ترەمپ ناڕازین بەهۆی ئەوەی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە راوێژی پێویستی لەگەڵ نەکردبوون.

لەلایەکی ترەوە لە ناو واشنتندا ناکۆکی هەیە؛ باڵێک لەگەڵ بەردەوامیی دەستوەردانی سەربازیدایە، بەڵام باڵێکی دیکە پێیوایە دەبێت ئەمریکا ئەرکە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی سەرنجی تەواو بخاتە سەر بەرگری لە خاکی ئەمریکا و رووبەڕووبوونەوەی ڕکابەرە بەهێزەکانی وەک چین.

شارەزایان چەندین بژاردەیان بۆ پێنتاگۆن پێشنیاز کردووە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر سەربازان

1. گواستنەوە بەرەو رۆژئاوا: مایکل ڕاتنی، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سعوودیە، پێشنیازی کردووە هێزەکان بەرەو رۆژئاوای کەنداو، ئوردن یان کەناراوەکانی دەریای سوور لە سعوودیە بگوازرێنەوە.

2. داخستنی بنکەکانی کوەیت: دامەزراوەی فکریی (Defense Priorities) داوای کردووە ئەو بنکانەی لە مەودای نزیکی مووشەکەکانی ئێرانن دابخرێن و هێزەکانی ئیمارات، بەحرێن و ئوردن لە بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە نزیک ڕیاز کۆبکرێنەوە.

3. گواستنەوە بۆ ئیسرائیل و کێشەی سیخوڕی: پەیمانگەی جولەکە بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا (JINSA) داوای کردووە هێز و کەرەستەکان بۆ بنکەی ئاسمانیی عۆڤدا لە ئیسرائیل بگوازرێنەوە؛ بەڵام لە ناو ئیدارەی ترەمپدا ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەم پێشنیازە هەیە بەهۆی نیگەرانیی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا لە مەترسیی چالاکییە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل.

هاوکات، نووسینگەی ئێلبریج کۆڵبی، جێگری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری سیاسەتەکان، سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ناتۆدا، پاش ئەوەی ترەمپ کشانەوەی هەزاران سەربازی لە ئەڵمانیا و پۆڵەندا راگەیاند، و بڕیارە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە مانگی کانوونی یەکەمدا رابگەیەنرێت.