عێراق رێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت هەمەجۆر دەکات
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێکارێکی نوێی بۆ هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پەسەند کرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیاریان لەسەر رێکارێکی نوێ داوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو. پرۆسەکە لەرێگەی کۆمپانیا شارەزا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان لە دەرچە جیاوازەکانەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەنجوومەنەکە روونیکردەوە، گرێبەستەکان بەپێی رێکارە نوێیەکە بۆ ماوەی سێ مانگ کارا دەبن و لە 1ی ئەیلوولەوە دەستپێدەکەن.
عێراق هەوڵدەدات شێوازەکانی هەناردەکردنی نەوت جۆراوجۆر بکات. دەیەوێت بەشێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو نەوتی خاو بنێرێتە بازاڕە جیهانییەکانەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز بووە هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوت لە ناوچەکە، ئەمەش ئاسایشی وزەی لە رێڕەوە دەریاییەکان تێکدا.
بەپێی پلانەکە عێراق کار لەسەر پەرەپێدانی رێگەی هەناردەکردنی جێگرەوە دەکات، بەتایبەتی رێگەکانی تورکیا و سووریا، بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە رێڕەوەکانی گواستنەوەی کەنداو ببەستێت.
عێراق بە دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە رێکخراوی ئۆپێک دادەنرێت، بۆ دابینکردنی داهاتەکانیشی بە رێژەیەکی زۆر پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت.