لە دهۆک کاروبارەکانی نەخۆشخانەی 'ئومێد بۆ شێرپەنجە' دەکرێنە دیجیتاڵ

نەخۆشخانەی ئومێد بۆ شێرپەنجە لە دهۆک سیستەمێکی نوێی دیجیتاڵی رادەگەیەنێت کە تێیدا سەرجەم مامەڵە و چارەسەرییەکانی نەخۆش بە ئەلیکترۆنی دەکرێن؛ سیستمەکە بە نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە بەستراوەتەوە و کارئاسانییەکی گەورە بۆ تووشبووان دەکات.

دکتۆر چەکدار ئەحمەد مزووری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئومێد بۆ شێرپەنجە لە دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەمەودوا سەرجەم کاروبارەکانی چارەخواز لە نەخۆشخانەکە، لە نۆرەگرتنەوە تا دەگاتە وەرگرتنی دەرمان و چارەسەرییەکان، بە دیجیتاڵی دەکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ هەر نەخۆشێک کۆدێکی تایبەت دروست دەکرێت کە تەواوی زانیاری و وردەکارییەکانی تێدا کۆکراوەتەوە؛ لە هەر شوێنێکی دیکە ئەو کۆدە دابگیرێت، پزیشکەکان دەتوانن زانیاری تەواو لەسەر چارەخوازەکە و جۆری دەرمانەکانی بزانن.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک راشیگەیاند، سیستمە دیجیتاڵییەکەیان بە نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە بەستراوەتەوە. بەمەش هەر چارەخوازێک لە دهۆکەوە بچێتە هەولێر و سلێمانی، یان بە پێچەوانەوە، بەشێوەی دیجیتاڵی ئاسانکاریی بۆ دەکرێت و وردەکارییەکانی تایبەت بە چارەسەرییەکەی بە خێرایی دەگوازرێنەوە.

نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک دامەزراوەیەکی حکوومییە و خزمەتگوزارییەکانی وەک پێدانی دەرمانی کیمیایی، پشکنینی خوێن و دابینکردنی دەرمانی گرانبەها بە پشتگیریی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە پێشکەش دەکات. رۆژانە نزیکەی 150 کەس سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار فایل بۆ نەخۆشان کراوەتەوە.

ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان سێ نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە هەن کە پێکهاتوون لە (نانەکەلی لە هەولێر، ئومێد لە دهۆک و هیوا لە سلێمانی). هاوکات، گەورەترین نەخۆشخانەی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر لە قۆناخی دروستکردندایە و زۆربەی کارەکانی تەواو بوون. ئەم نەخۆشخانانە رۆژانە چارەسەری بێبەرامبەر پێشکەشی سەدان کەس دەکەن، کە بەشێکی زۆریان لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.