ئەڵمانیا و ئیسپانیا ئاماری پێوانەیی گیانلەدەستدانیان بەهۆی گەرماوە راگەیاند

ئەڵمانیا و ئیسپانیا رایانگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا، ژمارەیەکی پێوانەیی گیانلەدەستدان بەهۆی شەپۆلەکانی گەرماوە تۆمار کراوە، ئەم دوو وڵاتە و چەندین وڵاتی دیکەی ئەوروپا، هاوینێکی یەکجار گەرمیان بەڕێکردووە کە بە توندترین هاوین لە مێژوویاندا دادەنرێت.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە هاوینی ئەمساڵدا نزیکەی 14 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لە ئەڵمانیا تۆمار کراون کە پەیوەندییان بە گەرماوە هەبووە، هاوکات راپۆرتی هەفتانەی پەیمانگەی رۆبێرت کۆخ ئاماژە بەوە دەکات، تەنها لە رۆژانی نێوان 22 بۆ 28ی حوزەیران، 9 هەزار و 600 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش لە کاتێکدا بووە پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە 41 پلەی تێپەڕاندووە، ئاماژە بەوەشکراوە، زۆربەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لە سەرووی 75 ساڵییەوەیە.

هاوکات تەندروستیی فەرەنسا رایانگەیاندووە، زیاتر لە 7 هەزار و 300 حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیادە لە هەمان ماوەدا تۆمار کراوە.

لە ئیسپانیا، پەیمانگەی تەندروستی گشتی رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا، 4 هەزار و 458 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە تۆمار کراون، مانگی تەممووزی 2026 وەک گەرمترین مانگ لە مێژووی ئیسپانیادا دیاریکراوە و هاوکات وشکترین مانگیش بووە لەوەتەی ساڵی 19611961ـەوە.

شەپۆلی گەرما و وشکەساڵی زیانی گەورەی بە ئابووریی ئەڵمانیا گەیاندووە، لەوانە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکان، کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و نزمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان کە بووەتە رێگر لەبەردەم کەشتییە بازرگانییەکان بۆ گواستنەوەی کاڵا.

لەسەر ئاستی سیاسی، وەزیرانی پارتی سۆسیال دیموکرات داوایان کردووە، پرسی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ئاووهەوا و پاراستنی سروشت بخرێتە ناو دەستووری ئەڵمانیاوە، لەوبارەیەوە کارستن شنایدەر، وەزیری ژینگە رایگەیاند، قەیرانی ئاووهەوا بووەتە راستییەکی بەرجەستە و پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوە بۆ ئەوەی وەزارەتەکەی بتوانێت هاوکاریی زیاتری ولایەتەکان بکات.

لای خۆیەوە کارڵ لاوتەرباخ، وەزیری تەندروستی پێشووی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی راستەقینەی گیانلەدەستدان رەنگە زۆر لەوە زیاتر بێت کە راگەیەندراوە، هەروەها روونیکردەوە، گەرما دەبێتە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنی وەک دڵ و جەڵتەی مێشکیان هەیە و بە هۆیەوە بەشێکیان گیان لەدەستدەدەن.

هەروەها کۆمەڵەی شار و شارۆچکەکانی ئەڵمانیاش جەخت لەسەر پێویستیی تەرخانکردنی ملیارەها یۆرۆ دەکەنەوە بۆ دابینکردنی سیستەمی ساردکەرەوە لە نەخۆشخانەکان و خانەی بەساڵاچووان، بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی ئەم شەپۆلە توندانەی گەرما ببنەوە.