هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق دوو ملیۆن و نیو بەرمیل تێپەڕ دەکات
بۆ یەکەمجار لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێران، ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق گەیشتە نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
پێنجشەممە 20ـی ئابی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئاب، 2 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، روکابی روونیکردەوە، ئەم ئاستە بەراورد بە مانگەکانی رابردوو، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە لە ئاستی هەناردەکردندا.
سەبارەت بە وردەکاریی هەناردەکردنەکە، روکابی روونیکردەوە، لە کێڵگەکانی باشوور رۆژانە 2 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە دەفرۆشرێتە کۆمپانیاکانی هەناردەی نەوت و ئەوان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە رەوانەی دەرەوەی دەکەن، هاوکات لە بەندەری جیهانیش رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت و ئەو ژمارەیەش لە بەرزبوونەوەدایە.
ئەمە یەکەم مانگە لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، هەناردەی نەوتی عێراق دەگاتە ئەم ئاستە بەرزە، پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە، وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت.
بەرزبوونەوەی هەناردەی نەوت کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی داهاتی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەبێت، چونکە عێراق بە رێژەی 85%ـی داهاتەکەی پشت بە هەناردەی نەوت دەبەستێت، لە مانگەکانی رابردوودا بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و راگرتنی هەناردەی نەوت، نەبوونی پارەی نەختینە بووە هۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران.