دەستەی دەستپاکی عێراق: مووچەی زیاتر لە 16 هەزار مردوو رانەگیراوە

دەستەی دەسپاکیی فیدراڵی دەستی کردووە بە وردبینیکردنی دۆسیەی خانەنشینان و بەراوردکردنی زانیارییەکان لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتمانی. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە مووچەی 16384 کەسی مردوو تا ئێستا رانەگیراوە و بەردەوام خەرج کراوە، هاوکات تێوەگلانی چەندین بەڕێوەبەری لق لە دۆسیەی گەندەڵی و دەستکاریکردنی زانیارییەکان ئاشکرا بووە.

دەستەی دەسپاکیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوای رەزامەندی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی هاوبەش لە دەستەی دەسپاکی، دیوانی چاودێری دارایی، دەزگای شەهیدان، دەستەی خانەنشینی و وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنراوە بۆ وردبینیکردنی دۆسیەی خانەنشینان. ئامانجی ئەم لیژنەیە دۆزینەوەی ئەو پارانەیە کە بە نایاسایی و بەبێ شایستەبوون وەرگیراون بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.

بەپێی راپۆرتەکەی دەستەی دەسپاکی، بەراوردکردنی زانیارییەکان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی دەریخستووە کە 16384 کەسی مردوو مووچەی خانەنشینییان بۆ خەرج کراوە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە لە پارێزگای ئەنبار بەتەنیا 19321 ناوی خانەنشین راگیراون کە زانیارییەکانیان ناڕاست بووە و بووەتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی. لە پارێزگای نەینەواش لیژنەکان خەریکی وردبینیکردنی ناوی 102867 خانەنشینی شەهیدان و قوربانیانی تێرۆرن.

راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە کە بەڕێوەبەری هەندێک لە لقەکانی خانەنشینی، بەتایبەت لەو پارێزگایانەی پێشتر کردەوەی تێرۆریستییان تێدا روویداوە، بە ئەنقەست زانیاریی هەڵەیان لە بنکەی زانیارییەکاندا تۆمار کردووە بۆ ئەوەی رێگە بۆ گەندەڵی خۆش بکەن. هەروەها نزیکەی 40000 کارتی "کی کارت" دۆزراونەتەوە کە بەپێی زانیاری کۆن دروست کراون و تا ئێستا نوێ نەکراونەتەوە.

دەستەی دەسپاکی جەخت لەوە دەکاتەوە کە لاوازیی بنکەی زانیارییەکانی دەستەی خانەنشینی و نەبوونی ئەرشیفی ئەلیکترۆنی وایکردووە، کەسێک بە چەندین ژمارەی خانەنشینی و بە ناوی جیاواز مووچەی مانگانە وەربگرێت. لیژنە نوێیەکە کار دەکات بۆ بڕینی ئەو مووچانەی لە ساڵی 2022ـەوە بە نایاسایی خەرج کراون و سزادانی ئەو بەرپرسانەی کە تێوەگلاون لە دەستکاریکردنی زانیاریی خانەنشینان.