فڕۆکەیەکی ئەمریکی کەوتە خوارەوە و 8 کەس گیانیان لەدەستدا
لە ویلایەتی ئەلاسکای ئەمریکا، بەهۆی تێکشکانی فڕۆکەیەک لە ناوچەیەکی دوورەدەست، 8 کەس گیانیان لەدەست دا.
شەممە 22ـی ئابی 2026، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس رایگەیاند، دوای ئەوەی فڕۆکەکە لە هەوڵی یەکمجاریدا نەیتوانیوە بەسەرکوتوویی بنیشێتەوە، لە هەوڵی دووەمدا تووشی رووداوی کەوتنە خوارەوە بووە، هاوکات ئاماژەی بەوەکردووە، تەمومژی ناوچەکە هۆکار بووە بۆ روودانی ئەو کارەساتە.
لای خۆیەوە، ئەنجوومەنی نیشتمانیی سەلامەتیی گواستنەوەی ئەلاسکا رایگەیاند، فڕۆکەوانەکان نەیانتوانی رێڕەوی نیشتنەوەکە ببینن، بۆیە ناچار بوون لە کاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوە بەتەواوی پشت بە ئامێرەکانی ناڤیگاسیۆن ببەستن، هەروەها جەختی کردووەتەوە رووداوەکە لە نزیک بنکەی راداری کەیپ نیوینهام روویداوە، کە دەکەوێتە 725 کیلۆمەتری رۆژئاوای ئەنکۆریج.
ئەنجوومەنەکە روونیکردەوە، قوربانییەکان دوو فڕۆکەوان و شەش سەرنشینن، کە دوو لە سەرنشینەکان فەرمانبەری دەستەی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکا بوون، بەڵام تا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراوە، راشیگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی رووداوەکە بەردەوامن.
بنکەی رادارەکە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو وەک بەشێک لە تۆڕێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ خۆئامادەکردن بەرامبەر هەر هێرشێکی مووشەکی لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەت دروستکراوە، ئێستا ئەو بنکەیە بۆ چاودێریکردنی ئاسمانی کەناراوەکان بەرەو رووسیا و کۆریای باکوور و چین بەکاردەهێنرێت.