پڕۆژەی رووناکی: لێخۆشبوونی 50% تەنیا بۆ پسوولەکانی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە

پڕۆژەی رووناکی ئاشکرای کرد، بڕیاری لێخۆشبوونی 50% لە پسوولەی کارەبا تەنیا قەرزە کەڵەکەبووەکانی پێش هاتنی پڕۆژەکە دەگرێتەوە و بە هیچ شێوەیەک بەسەر پسوولەکانی دوای پڕۆژەکەدا جێبەجێ ناکرێت.

شەممە، 22ـی ئابی 2026، پڕۆژەی رووناکی، تایبەت بە کەناڵی کوردستان24ـی راگەیاندووە، بڕیاری لێخۆشبوونی 50% لە پسوولەی کارەبا، تەنیا ئەو پسوولە کەڵەکەبووانە دەگرێتەوە کە هی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەکەن، بە هیچ شێوازێک پسوولە و کرێی کارەبای پاش هاتنی پڕۆژەی رووناکی ناگرێتەوە.

بە پێی روونکردنەوەکەی پڕۆژەی رووناکی، هەر هاوبەشێک کە پێش گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ناوچەکەی قەرزی کارەبای لەسەر بووبێت و پاکتاوی نەکردبێت، دەتوانێت سوودمەند بێت لەم لێخۆشبوونە %50ـییە.

لە بەرامبەردا جەخت کراوەتەوە کە هەر هاوبەشێک لە دوای پێگەیشتن و کاراکردنی پڕۆژەی رووناکی پارەی پسوولەکانی نەدابێت، هیچ جۆرە داشکاندنێکی لەو شێوازە نایگرێتەوە، جگە لەو داشکاندنە دیاریکراوانەی کە لە خودی پڕۆژەکەدا هەیە و تەنیا بۆ سێ مانگی یەکەمی پێدانی پسوولەکان بەکار دەهێنرێت.

پڕۆژەی ڕووناکی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی لێخۆشبوونی 50% لە پسوولەکانی پڕۆژەی رووناکی (هاوشێوەی پسوولەکانی پێش پڕۆژەکە) دەکەن، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە و بڕیارێکی لەم شێوازە لە ئارادا نییە.