نووسینگەی مالیکی دەنگۆی دەستبەرداربوونی لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ رەتدەکاتەوە

نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە بوونی رێککەوتن یان لێکتێگەیشتن دەکەن بۆ دەستبەرداربوونی مالیکی لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

شەممە، 22ـی ئابی 2026، هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هەواڵی بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکردەوە کە باسیان لە رێککەوتنی سیاسی لەسەر گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنییەکاندا دەکرد.

لە پەیامەکەیدا هاتووە: "ئەو زانیارییانەی لە لایەن هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە بوونی لێکتێگەیشتن یان رێککەوتن لەسەر دەستبەرداربوونی نووری مالیکی لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، هیچ بنەمایەکی راستییان نییە."

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم بابەتە لە بنەڕەتەوە هەر نەخراوەتە بەرباس، و سەرجەم ئەو هەواڵانەشی لەم بارەیەوە لە میدیاکاندا دەستاودەست دەکرێن، پشتیان بە هیچ زانیارییەکی دروست و راستەقینە نەبەستووە."

وەزارەتی ناوخۆ یەکێکە لە پۆستە سیادی و ئەمنییە هەرە گرنگەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراقدا، کە بەردەوام لە کاتی دانوستانە سیاسییەکان و دابەشکردنی پۆستەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەکانی دیکەدا، دەنگۆ و پێشبینیی جیاوازی میدیایی لەسەر کاندید و پشکی لایەنە سەرەکییەکان لەو وەزارەتەدا دروست دەبێت.