بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر تۆکیۆی هەژاند

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلە بەگوێرەی پێوەری رێختەر ناوچەکانی نزیک تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆنی هەژاند، بەهۆیەوە 37 کەس بریندار بوون و پەککەوتنی جووڵەی هاتوچۆی لەو شارەدا لێکەوتەوە.

ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن رایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر 2ـی بەرەبەیان لە بەشی باشووری پارێزگای ئیباراکی لە نزیک تۆکیۆ و لە قوڵایی 68 کیلۆمەتر روویداوە. هاوکات دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا گوڕی بومەلەرزەکەی بە 5.8 پلە خەمڵاندووە.

ئاژانسی بەڕێوەبردنی ئاگرکەوتنەوە و کارەساتەکانی ژاپۆن ئاماژەی کردووە 37 کەس بریندار بوون، کە زۆربەیان برینەکانیان سووکە. میدیاکانی ژاپۆن بڵاویانکردەوە، سەخترین حاڵەتی پێکان لای ژنێکی تەمەن 80 ساڵ بووە لە شاری یۆکۆهاما، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ هەستان لە جێگاکەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە کەوتووە و حەوزی شکاوە. سەبارەت بە زیانە ماددییەکانیش، ئاماژە کراوە، زیانی سووک بە باڵەخانەیەک لە ناوچەی سایتاما گەیشتووە.

بوومەلەرزەکە بووە هۆی وەستانی جووڵەی شەمەندەفەرەکان لە تۆکیۆ، ئەمەش وەک رێکارێکی سەلامەتی لەلایەن کۆمپانیای هێڵی ئاسنی رۆژهەڵاتی ژاپۆنەوە گیراوەتەبەر. دەسەڵاتداران لە کاتی رووداوەکەدا زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لە شەقامەکان لێدا و نامەی هۆشدارییان بۆ مۆبایلی هاووڵاتیان نارد، بەڵام جەختیان کردەوە، هیچ مەترسییەک بۆ دروستبوونی تسۆنامی لەئارادا نییە.

ئاژانسی کەشناسی ژاپۆن هۆشداری داوە لە زیادبوونی مەترسیی رۆچوونی زەوی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان و ئەگەری روودانی بومەلەرزەی پاشکۆی بەهێز لە چەند رۆژی داهاتوودا.