پەرلەمانتارێکی ئێران هەڕەشە لە سێ وڵاتی کەنداو دەکات

ئیبراهیم رەزایی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی ئێران هۆشداری بە وڵاتانی کەنداو دەدات و دەڵێت "دوایی گلەیی نەکەن".

ئیبراهیم رەزایی کە لە باڵی توندڕەوەکان و سوپای پاسدارانە ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو کردووە و نووسیویەتی "بە گوێرەی زانیارییەکان، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی گەیاندنی سووتەمەنی ئەمریکای دوژمن، لە فڕۆکەخانەکانی قەتەر، کوەیت و ئیمارات جێگیربوون و ماڵەکانیان کردووەتە سەنگەری دوژمن".

ئەو پەرلەمانتارە هۆشداری بە هەرسێ وڵات داوە و دەڵێت " دواتر گلەیی نەکەن"، ئەم پەیامەی پەرلەمانتارەکەی ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ ئەم سێ وڵاتە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، واتە ئەگەر فڕۆکەکانی ئەمریکا هەر هێرشێک بکەنەوە سەر خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوە بە دڵنیاییەوە هێزە چەکدارەکانی ئێران دەست ناپارێزن و هێرش دەکەنەوە سەر قەتەر، کوەیت و ئیمارات.

لە دوای هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ، کە تیایدا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە سەرکردەی سەربازیی کۆماری ئیسلامی کوژران، لە وەڵامی هێرشەکاندا بە گوێرە ئامارەکان، تەنیا لە یەک مانگدا ئێران زیاتر لە 5200 هێرشی مووشەکی کردە سەر وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل، لەنێویاندا 80%ـی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بووە.

هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو:

 ئیمارات

1914 درۆنی بۆمبڕێژکراو

429 مووشەکی بالیستی

سعوودیە

1006 درۆنی بۆمبڕێژکراو

57 مووشەکی بالیستی

کوەیت

616 درۆنی بۆمبڕێژکراو

309 مووشەکی بالیستی

قەتەر

206 درۆنی بۆمبڕێژکراو

90 مووشەکی بالیستی

2 فڕۆکەی جەنگی

بەحرەین

391 درۆنی بۆمبڕێژکراو

174 مووشەکی بالیستی

عومان

19 درۆنی بۆمبڕێژکراو