وەزارەتی کارەبا داوا لە هاووڵاتییان دەکات پەلە بکەن لە پاکتاوکردنی قەرزە کۆنەکانیان
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشکاندنی قەرزی کارەبا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داشکاندنەکە تەنیا ئەو قەرزە کۆنانە دەگرێتەوە کە پێش گەیشتنی "پڕۆژەی رووناکی" لەسەر هاوبەشان کەڵەکە بوون، نەک پسوولەی مانگانەی پڕۆژەکە. هاوکات وەزارەت داوا لە هاووڵاتییان دەکات پەلە بکەن، چونکە کەمتر لە 20 رۆژ لە وادەی داشکاندنەکە ماوەتەوە.
یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، وەڵامی پرسیاری هاووڵاتییانی سەبارەت بە میکانیزمی داشکاندنی قەرزەکانی کارەبا دایەوە و وردەکاریی بڕیارەکەی خستەڕوو.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە: "ئەم داشکاندنە تەنیا بۆ ئەو قەرزە کۆنانەیە کە لەسەر هاوبەشانی کارەبا کەڵەکە ببوو پێش ئەوەی پڕۆژەی رووناکی بگاتە گەڕەک و ناوچەکانیان. قەرزی کۆنی پێش رووناکی ئەو بڕە پارەیەیە کە پێش دەستپێکردنی سیستەمە نوێیەکە لەسەر هاوبەشان تۆمار کراوە و بەهیچ شێوەیەک پسوولەی مانگانەی ئێستای کارەبای پڕۆژەی رووناکی ناگرێتەوە."
وەزارەتی کارەبا جەختی کردەوە، پسوولەی مانگانەی کارەبای پڕۆژەی رووناکی هیچ جۆرە داشکاندنێکی لەسەر نییە و هاوبەشان دەبێت لە وادەی دیاریکراودا پارەکەی بدەن. بەپێی رێنمایییەکان، پێویستە لە ماوەی 50 رۆژدا لە دوای دەرچوونی پسوولەکە، بڕی پارەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بدرێت.
وەزارەتی کارەبا هۆشداری دا کە وادەی داشکاندنی سەر قەرزە کۆنەکانی پێش پڕۆژەی رووناکی بەرەو کۆتایی دەچێت و کەمتر لە 20 رۆژی ماوە، بۆیە هانی هاوبەشانی کارەبا دەدات کە ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە و پێش تەواوبوونی وادەکە، سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکەن بۆ پاکتاوکردن و دانەوەی قەرزە کۆنەکانیان بە داشکاندنەوە.