لە کاتی ئەرکدا دەریاوانێکی ئەمریکی هەواڵی دەستگیرکردنی باوکی پێدەگات

دەریاوانێکی هێزی دەریایی ئەمریکا، لە کاتێکدا لە نۆیەمین مانگی خزمەتیدایە لەسەر کەشتی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" لە چوارچێوەی گرژییەکانی ناوچەکە، هەواڵی دەستگیرکردنی باوکی لەلایەن دەسەڵاتانی کۆچبەرانی ئەمریکاوە پێگەیشت.

دەسەڵاتانی کۆچبەران (ICE)، لویس مانوێل ئاڤیلێس روا، باوکی دەریاوان جۆشوا ئاڤیلێسیان لە کاتی پشکنینێکی رۆتینیدا لە ناوچەی کەی وێست لە ویلایەتی فلۆریدا دەستگیرکرد.

وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاندووە، باوکی دەریاوانەکە، کە هاوڵاتییەکی نیکاراگوەیە، بە تۆمەتی چوونە ناوەوەی نایاسایی بۆ خاکی ئەمریکا دەستبەسەر کراوە و ئێستا رووبەڕووی رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوە بووەتەوە.

جۆشوا ئاڤیلێس لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، نیگەرانی و خەمباری خۆی بۆ دۆخی باوکی دەربڕی و رایگەیاند: "نازانم چۆن دەتوانم رۆژانە بەردەوام بم لە کارکردنی سەخت بۆ ماوەی زیاتر لە 12 کاتژمێر، لە کاتێکدا دەزانم باوکم لە زینداندایە."

لە بەرامبەردا، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ جەختی کردووەتەوە، بوونی ئەندامێکی خێزان لە ناو ریزەکانی سوپای ئەمریکادا، هیچ کەسێک لە جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەران نابەخشێت. وەزارەتەکە ئاماژەی کردووە، ئەوان تەنیا ئەو یاسایانە جێبەجێ دەکەن کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەند کراون.

ئەم رووداوە لە کاتێکدایە، دەستگیرکردنی کەسوکاری سەربازانی ئەمریکی بەهۆی کێشەی کۆچبەرانەوە رووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ توندکردنەوەی رێکارەکانی کۆچ و کۆچبەران لە سەردەمی خولی دووەمی کارگێڕی دۆناڵد ترەمپدا.