سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر موفتیی پێشووی سووریادا سەپێندرا

چوارەمین دادگای تاوانەکانی دیمەشق سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر ئەحمەد بەدرەدین حەسوون، موفتیی پێشووی سووریا سەپاند. ئەمەش لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەدا بوو کە حەسوونی بە تاوانی جەنگ و هاندانی توندوتیژی تاوانبار دەکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 24ـی ئابی 2026، چوارەمین دادگای تاوانەکانی دیمەشق لە شەشەمین دانیشتنی تایبەت بە دادگاییکردنی ئەحمەد بەدرەدین حەسوون، موفتیی پێشووی سووریا، دۆسیەکەی یەکلاکردەوە و بڕیاری کۆتایی خۆی راگەیاند.

دادوەر فەخرەدین عوریان لە خوێندنەوەی حوکمەکەدا رایگەیاند، دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و موسادەرەکردنی سەرجەم موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانی حەسوونی بۆ گەنجینەی گشتیی دەوڵەت دەرکردووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت، تێوەگلانی حەسوون لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیدا بە فەرمی سەلمێنرا.

بەگوێرەی بڕیارەکەی دادوەر، حەسوون بە تۆمەتی هاندانی توندوتیژی و پاساودانی کوشتن و ئەو هێرش و لێدوانانە تاوانبار کراوە، دەبنە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی و پێکدادانی تائیفی لە سووریا.

راپۆرتە یاساییەکانی دادگا دەریانخستووە، دەزگاکانی لێکۆڵینەوە بەڵگەی پێویستیان لەبارەی رۆڵی حەسوون لە پەرەپێدانی ململانێکان کۆکردووەتەوە.