سەرۆکی کۆڵۆمبیا داوای هاوکاریی لە ئەمریکا دەکات

ئەبێلاردۆ دی لا ئێسپرییا، سەرۆکی کۆڵۆمبیا بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکان و شڵەژانی دۆخی وڵاتەکەی سوپا دەخاتە ئامادەیی و داوای هاوکاریی و بەهاناوەچوونیش لە ئەمریکا و چێلی دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی داوای هاوکاریی بەپەلەی لە چیلی و ئەمریکا کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە کە رووبەرێکی بەرفراوان لە دارستان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی بەتایبەت لە ناوچەی تۆلیما، کە زیاتر لە 20 هەزار هێکتاری گرتووەتەوە.

دی لا ئێسپرییا لە رێگەی هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیای ئێکس رایگەیاند: "گومان هەیە کەسانێک بە ماتۆڕسکیل بە چەند ماددەیەک ئەم ئاگرانەیان کردبێتەوە." هەروەها جەختی کردەوە،  هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە.

لە لایەکی دیکەوە، ئادریانە ماگالی ماتیزی، پارێزگاری تۆلیما رایگەیاند؛ سوپا بە شێوەیەکی کردەیی دەستی کردووە بە ئامادەکارییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دۆخە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی حکوومەت، لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا 24 شوێنی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتەکە رووبەڕووی وشکەساڵییەکی توند و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە زیانێکی گەورەی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە، بەتایبەتی لیمۆ، قاوە و مانگۆ. ئەم کارەساتە ژینگەییە لە کاتێکدایە کۆڵۆمبیا هێشتا لە ژێر کاریگەرییەکانی بومەلەرزە بەهێزەکەی 10ی ئابی رابردوودایە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 300 کەس لە رۆژئاوای وڵاتەکە، ئەمەش ئەرکی حکوومەتی لە رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان قورستر کردووە.