هەڵمەتێكی فراوانی لابردنی زێدەڕۆییەكانی سەر تۆڕی ئاو لە سۆران بەڕێوەدەچێت
هەڵمەتێكی فراوانی لابردنی زیدەڕۆییەكانی سەر تۆڕی دابەشكردنی ئاو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستپێكردووە و سزاکانیش لە پێبژاردن تا دەگاتە دادگایی کردن دەستپێدەکەن.
یوسف ئەحمەد ـ بەڕێوەبەری ئاوی سۆران وردەکاری هەڵمەتەکەی بۆ کوردستان24 خستەڕوو و رایگەیاند، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لە سەنتەری سۆران و دەوروبەری بە هەماهەنگی دامودەزگاکانی دیکە بە بەردەوامی هەڵمەتی نەهێشتنی زیادەڕۆی سەر تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو جێبەجێ دەکەن و تاوەکو ئێستاش، 415 هاوبەشی ئاو ژمارەی پسوولەی ئاگادارکردنەوەی زیادەڕۆیی پێدراوە و هەروەها 13 هاوبەشی دیکەش رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
هاوکات 200 کێشەی زیادەڕۆی سەر تۆڕەکانی ئاو دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن لیژنەکانیان چارەسەرکراون. گوتیشی، ئەوانەی زیادەڕۆییان کردووەتە سەر تۆڕەکانی ئاو سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە، دواتر ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرا سزای پێبژاردنی بۆ دەکرێت و ئەگەر هەر بەردەوام بوو دۆسیەکە ئاراستەی دادگا دەکرێت.
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان جۆراوجۆر و جیاوازن، بەشێکی زۆریان هێڵێکی بە نایاسایی راكێشاوە، لە نێویشدا كارنەكردن و نەبەستنی پێوەری ئاو، هەروەها تەقینی بۆری ئاو و چەند جۆرێكی دیكەن. دەشڵێت، جیاواز لەوانە چەند حاڵەتێکی دیکەی زیادەڕۆ هەن و هاوبەشی ئاو هەیە لە 2018 ـەوە پێوەری ئاوی نەبەستووە، ئەو کەسانە بۆ هەر مانگێک 45 هەزار دیناری بۆ هەژمار دەکرێت و تاوەکو ئێستا بڕی قەرزی کەڵەکەبوو لەسەریان دەگاتە چوار ملیۆن و 500 هەزار دینار. راشیگەیاند، سەرەتای ئاگاداریان دەکەنەوە و دواتر دۆسییەکانیان دەچێتە دادگا.
هاوکات بەشێکی دیکەیان لە 2022 ـەوە زیادەڕۆییان کردووە، ئەوانە هەم سزای سەرپێچی کە کەمترینی 300 هەزار دینارە هەم کرێی ئاو کە مانگانە بە 45 هەزار دینار دیاریکراوە بۆیان هەژمار دەکرێت.
لە ساڵی 2015ـەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەستنی پێوەری ئاوی دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەزاران هاوبەشی ئاو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێوەری ئاویان نەبەستووە. بە گوێرەی ئامارەکان لە سنووری سۆران، چۆمان، رواند و مێرگەسۆر زیاتر لە 60 هەزار هاوبەشی ئاو هەن و رۆژانە لە رێگەی چەند تۆرێکەوە ئاویان بەسەر دابەش دەکرێت.