ژاپۆن دەرمانێکی ڤایرۆسی بۆ لەناوبردنی گرێ شێرپەنجەییەکان دەخاتە بازاڕەوە
ئاژانسی هەواڵی نیکای ژاپۆنی بڵاویکردەوە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان، فرۆشتنی دەرمانێکی ڤایرۆسیی تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجەی سورێنچک لە وڵاتی ژاپۆن دەستیپێکرد.
ئەم دەرمانە نوێیە لەلایەن کۆمپانیای "ئۆنکۆلیس بایۆفارما" لە تۆکیۆ پەرەی پێدراوە، پشت بە تەکنەلۆژیای ڤایرۆسی شیکەرەوەی گرێکان دەبەستێت. ئەم جۆرە ڤایرۆسانە بە شێوەیەکی دەستکرد گۆڕانکاری جێنیتیکییان تێدا کراوە بۆ ئەوەی بە وردی تەنیا هێرش بکەنە سەر خانە شێرپەنجەییەکان و لەناویانببات، لە کاتێکدا پارێزگاری لە خانە و شانە ساغەکانی جەستە دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییە پزیشکییەکان، ڤایرۆسەکان لەناو خانە شێرپەنجەییەکاندا زۆر دەبن و لە ناوەوە دەیانشیکێننەوە، هاوکات لە هەمان کاتدا سیستەمی بەرگریی جەستە هان دەدەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی هێرش بکاتە سەر گرێیە شێرپەنجەییەکە.
کۆمپانیای بەرهەمهێنەر ئاماژەی کردووە، پرۆسەی خستنەبازاڕی ئەم دەرمانە رووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی و تەکنیکی زۆر بووەتەوە، چونکە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە ڤایرۆسانە لەسەر ئاستێکی فراوان پێویستی بە چاودێرییەکی کوالێتی زۆر توند هەیە. هەروەها تێبینی ئەوە کراوە، دەرکەوتنی کاریگەرییە چارەسەرییەکانی ئەم دەرمانە رەنگە چەند هەفتەیەکی پێبچێت، چونکە کاتی دەوێت تا ڤایرۆسەکە بە تەواوی لەناو گرێیەکەدا بڵاودەبێتەوە.
شارەزایانی بواری پزیشکی دەڵێن؛ بەکارهێنانی ڤایرۆسە دەستکاریکراوەکان وەک یەکێک لە هیوا بەخشترین رێگاکانی چارەسەری شێرپەنجە لە داهاتوودا هەژمار دەکرێت و ئەم هەنگاوەی ژاپۆنیش وەرچەرخانێکی گرنگە لەو بوارەدا.