سۆران؛ هەڵمەتێکی فراوان بۆ بڕینی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی ئاو دەستیپێکرد
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ لابردنی زیادەڕۆییەکانی سەر تۆڕی دابەشکردنی ئاو دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا 13 هاوبەش بەهۆی سەرپێچییەوە رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
یوسف ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران بە کوردستان24ی رایگەیاند، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو لە سەنتەری سۆران و دەوروبەری بە هەماهەنگی دامودەزگاکانی دیکە، بە بەردەوامی هەڵمەتی نەهێشتنی زیادەڕۆیی سەر تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو جێبەجێ دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا 415 هاوبەشی ئاو پسوولەی ئاگادارکردنەوەیان پێدراوە و 13 هاوبەشیش رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران باسی لەوەش کرد، لە ئەنجامی کارەکانی لیژنەکانیان، توانیویانە 200 کێشەی زیادەڕۆیی سەر تۆڕەکانی ئاو چارەسەر بکەن. گوتیشی: "ئەوانەی زیادەڕۆییان کردووە، سەرەتا ئاگادار دەکرێنەوە، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرا سزای پێبژاردنیان بۆ دەکرێت و ئەگەر هەر بەردەوام بن، دۆسیەکەیان ئاراستەی دادگا دەکرێت."
سەبارەت بە جۆری سەرپێچییەکان، یوسف ئەحمەد روونیکردەوە کە زیادەڕۆییەکان جۆراوجۆرن، لەوانە: راکێشانی هێڵی نایاسایی، کارنەکردن و نەبەستنی پێوەری ئاو، هەروەها تەقینی بۆری ئاو و چەند جۆرێکی دیکەی سەرپێچی.
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران ئاشکراشی کرد، هەندێک هاوبەش هەیە لە ساڵی 2018ەوە پێوەری ئاوی نەبەستووە، ئەو کەسانە بۆ هەر مانگێک 45 هەزار دیناریان بۆ هەژمار دەکرێت و تاوەکو ئێستا بڕی قەرزی کەڵەکەبووی سەر هەندێکیان دەگاتە 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار.
هاوكات ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی لە ساڵی 2022ەوە زیادەڕۆییان کردووە، هەم سزای سەرپێچییان بۆ هەژمار دەکرێت کە کەمترینی 300 هەزار دینارە، هەم کرێی ئاو کە مانگانە بە 45 هەزار دینار دیاریکراوە بۆیان هەژمار دەکرێت، لە قۆناغی کۆتاییشدا دۆسیەکانیان دەچێتە دادگا.