لە شوێنە گشتییەکانی هەولێر وێستگەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دادەنرێت

بۆ پاڵپشتیکردنی ژینگە و ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، لە سەرجەم شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێر وێستگەی بارگاویکردن بە وزەی خۆر دادەنرێن و لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکەدا شەش شوێن دیاریکراون.

لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ خزمەتکردنی خاوەن ئۆتۆمبێلە کارەبایی و هایبریدەکان، بڕیاردرا لە هەموو شوێنە گشتییەکانی شاری هەولێر وێستگە بۆ بارگاویکردنـی ئۆتۆمبێلەکان دابنرێت. ئەم وێستگانە بە وزەی خۆر کار دەکەن و کەرتی تایبەت لە رێگەی تەندەرەوە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات، بەو مەرجەی باشترین و پێشکەوتووترین جۆری ئامێری بارگاویکردن دابنرێت.

پڕۆژەکە لە قۆناخی یەکەمدا لە شەش شوێنی جیاواز دەست پێ دەکات و دواتر فراوان دەبێت بۆ ئەوەی سەرجەم شوێنە گشتییەکان، بەتایبەتی نزیک پارکەکان بگرێتەوە. پرۆسەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلەکان بە نرخێکی رەمزی دەبێت و حکوومەت پاڵپشتی دارایی دەکات بۆ ئەوەی بارگرانی بۆ هاووڵاتییان دروست نەبێت.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، حکوومەت سەرپەرشتی تەواوی ئەو وێستگانە دەکات، هەرچەندە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروست دەکرێن، بەڵام پرۆسەی بەڕێوەبردن و چاودێریکردنیان لە ژێر رێنماییەکانی حکوومەتدایە.

ئەم پڕۆژەیە وەک هەوڵێکی گرنگی پاراستنی ژینگە و هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی وزەی پاک لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا وێستگەکان بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بکەونە گەڕ.