لە پاکستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەک 14 کۆرپە گیانیان لەدەستدا

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە نەخۆشخانەی پەیمانگای زانستە پزیشکییەکانی پاکستان لە ئیسلام ئاباد، 14 کۆرپە گیانیان لەدەست دا.

میدیاکانی پاکستان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەیان بۆ پەککەوتنی سیستەمی فێنککەرەوە گەڕاندووەتەوە.

نووسینگەی پارێزگای ئیسلام ئاباد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئاگرەکە لە نهۆمی سێیەمی بەشی لە دایکبوون و منداڵانی نەخۆشخانەکە کەوتووەتەوە. بەیاننامەکە پشتڕاستی کردەوە، بەهۆی رووداوەکەوە 14 منداڵ گیانیان لەدەست داوە.

هاوکات کەناڵی جیۆ نیوز لە زاری سەرچاوەکانی تیمی فریاگوزارییەوە بڵاویکردەوە، ئاگرەکە دوای تەقینەوەی کۆمپرێسەری ئامێرێکی فێنککەرەوە لە ناو بەشی چاودێری وردی منداڵان سەریهەڵداوە.

بەرپرسانی فریاگوزاری رایانگەیاند، ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و تیمەکان سەرقاڵی ساردکردنەوەی شوێنی رووداوەکەن بۆ رێگری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە.