لە دهۆک ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە دەکرێنەوە
دهۆک بەرەو وەرچەرخانێکی گەورەی ئابووری و گەشتیاری هەنگاو دەنێت. لە لووتکەی سەرکەشی چیای گارەوە تا دەشتی بەپیتی سێمێل، زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە قۆناخی جێبەجێکردندان کە سیما و داهاتووی ناوچەکە گەشاوەتر دەکەن.
دکتۆر هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک بە کوردستان24ی rاگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا زۆرترین پڕۆژەی ستراتیژی لە دهۆک جێبەجێ کراون. تەنیا لە کەرتی گەشتیاریدا 30 پڕۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە.
پرۆژەکان لەم سێکتەرانەی خوارەوەن:
+ گەشتوگوزار: پڕۆژەی گەورەی چیای زاوا، گەشەپێدانی بەنداوی دهۆک، و دروستکردنی تەلەفریک لە ناحیەی سەرسنگەوە بۆ سەر چیای گارە.
+کشتوکاڵ: پڕۆژەی گەورەی خانوو دۆشەگییەکان (گرین هاوس) لە سێمێل، کە هاوشێوەی پڕۆژەکەی ئاکرێیە و ئامادەکاریی بۆ دەکرێت.
+ پیشەسازی: کارگەی شەکری قەسرۆک لە شێخان، کە یەکێک دەبێت لە پڕۆژە هەرە گرنگەکان لەسەر ئاستی عێراق و پشتیوانییەکی گەورە بۆ جووتیاران و ڕەخساندنی هەلی کار دابین دەکات.
+ بەرهەمی خۆماڵی: پڕۆژەی گاوداری و سپیاتی لە سێمێل کە زووتر لە کاتی خۆی تەواو بوو؛ ئێستا گەورەترین پڕۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق، بەرهەمەکانی گەیشتوونەتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و 96٪ی کارمەندەکانیشی گەنجانی ناوخۆن.
لە ساڵی 2007ـەوە تا ئێستا 369 مۆڵەتی وەبەرهێنان لە دهۆک دراون، کە 163 مۆڵەتیان تەنیا لەم کابینەیەدا بووە. لە ساڵی 2025دا 45 مۆڵەت و لەمساڵیشدا 2026 تا ئێستا 11 مۆڵەت دراون، پلانەکەش ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ 45 پڕۆژەی تر مۆڵەت وەربگرن.
سەرجەم پڕۆژەکان لەژێر چاودێریی وردی لیژنە پسپۆڕەکاندان. بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت، تیمێکی ئەندازیاریی تایبەت سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکات بۆ ئەوەی بە بەرزترین کوالیتی و بەگوێرەی مەرجە یاساییەکان بخرێنە خزمەت هاووڵاتیانەوە.