لەسەر رێگەی کەسنەزان بارهەڵگرێک خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا
رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر رێگەی کەسنەزان روویدا و بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، لەسەر رێگەی سەرەکی (هەولێر – کەسنەزان – کۆیە)، رووداوێکی گەورە و سەختی هاتوچۆ روویدا؛ بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا، ئەمەش بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و زیانی گەورەی ماددی.
عەقید هێمن حەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێر بە رێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی رووداوەکە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر باسی لەوەش کرد، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە تیژڕۆیی و نەمانی "ستۆپ" و بڕێکی بارهەڵگرەکە بووە، کە بەهۆیەوە شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و ئەو کارەساتەی لێکەوتووەتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، ئێستا تیمەکانی فریاکەوتن و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە، لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری کارەساتەکە و ژمارەی کۆتایی قوربانییەکان بەردەوامە.