کوردستان24 ناسنامە و دۆخی تەندروستیی شۆفێری بارهەڵگرەکەی کەسنەزان ئاشکرادەکات

دیمەنێکی رووداوەکەی هاتوچۆ
دیمەنێکی رووداوەکەی هاتوچۆ

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، شۆفێری بارهەڵگرەکەی کەسنەزان خەڵکی کەلارە، ناوی "هەڵکەوت ساڵح سەلیم"ـە و لە دایکبووی ساڵی 2000ـە. 

بە گوتەی هەمان سەرچاوە، شۆفێرەکە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر کراوە، بەلام دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکاندایە. 

 

 
 
 
 

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، لەسەر رێگەی سەرەکیی (هەولێر – کەسنەزان – کۆیە)، رووداوێکی گەورە و سەختی هاتوچۆ روویدا؛ بارهەڵگرێک خۆی بە چەندین ئۆتۆمبێلدا کێشا و ئاگر لە شوێنی رووداوەکە کەوتەوە. 

 د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئەنجامی رووداوەکە کەسێک گیانی لە دەستداوە و حەوت کەس دیکەش برینداربوون. گوتیشی، سێ لە بریندارەکان دۆخی تەندروتسییان ناجێگیرە. 

لە لایەکی دیکەوە عەقید هێمن حەمەد، گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری سەرەکیی رووداوەکە تیژڕۆیی و نەمانی "ستۆپ" و بڕێکی بارهەڵگرەکە بووە، کە بەهۆیەوە شۆفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و ئەو کارەساتەی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بەهۆی رووداوەکە 7 ئۆتۆمبێل تێکشکاون و چواریان ئاگری گرتووە. ئاماژەی بەوەش دا، بارهەڵگرەکە خۆی بە خاڵێکی پۆلیسی هاتوچۆشدا کێشا و بەهۆیەوە پۆلیسێکی هاتوچۆ بریندار بووە.