175 گەشتیاری عێراقی لە رووداوێکی لادانی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی مەشهەد رزگاریان بوو

لە فڕۆکەخانەی مەشهەد لە ئێران، 175 گەشتیاری عێراقی لە رووداوێکی لادانی فڕۆکەکەیان لە رێڕەوی نیشتنەوە بەبێ هیچ زیانێکی گیانی رزگاریان بوو.

چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی "سێپێهران"ـی ئێرانی، لە کاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەشهەد، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە رێڕەوی خۆی لایدا.

بە پێی زانیارییەکانی میدیا ئێرانییەکان، فڕۆکەکە 175 گەشتیاری عێراقی تێدا بوو، لەم رووداوەدا بە سەلامەتی رزگاریان بووە و هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەشهەد دوای فڕۆکەخانەی "میهرئاباد"ـی تاران، بە دووەم فڕۆکەخانەی قەرەباڵغ و پڕ هاتوچۆ لەسەر ئاستی ئێران دادەنرێت، بە شێوەیەک رۆژانە نزیکەی 180 گەشتی ئاسمانی تێدا ئەنجام دەدرێت.

لە کاتی بۆنە و ورزەکانی گەشتکردندا، رێژەی گەشتە هاتوو و رۆشتووەکان  بۆ 250 گەشتی رۆژانە بەرز دەبێتەوە.