پزیشکیان: جەنگ هەمیشە رێگە نییە بۆ تێپەراندنی کێشەکان
لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان و قەتەر بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەرگری لە بژاردەی دیالۆگ کرد، پزیشکیان رایگەیاند، جەنگ هەمیشە رێگە نییە بۆ تێپەڕاندنی کێشەکان، بەرنامەی وڵاتەکە لەسەر بنەمای تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی کارلێک و دانوستانەوە داڕێژراوە.
مەسعود پزیشکیان لە رێوڕەسمێکدا لە ناوەندی کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان لە تاران گوتی، ئەو گرێیەی بە دەست دەکرێتەوە نابێت بە ددان بکرێتەوە، جەختی لەوە کردەوە، ئەوانەی بەرگرییان لە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا کردووە کە حوزەیرانی رابردوو واژۆ کراوە، لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای وڵات و بەرزکردنەوەی پێگەی ئێران هەنگاویان ناوە.
هەروەها محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵوێستێکی هاوشێوەی نواند و وەڵامی حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری رۆژنامەی کەیهان و نوێنەری رێبەری ئێرانی دایەوە کە داوای رەتکردنەوەی دیالۆگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کردبوو بە تۆمەتی ئەوەی ئەوان بەرپرسن لە کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، قالیباف لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دانوستان بەهای خۆی هەیە و حەرامیش نییە"، ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک کەس خۆیان لە بەرپرسیارێتی دانوستان لەگەڵ دوژمن دەدزنەوە و پاشان چاوەڕێ دەکەن هەر دەستکەوتێک تیمی دانوستان بەدەستی بهێنێت بە خیانەت ناو ببرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێی وایە، رەتکردنەوەی خۆرئاواییبوون بەو مانایە نییە هەر دیالۆگێک تاران لە پێگەی هێزەوە بیکات یان هەر هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی مافی ئێرانییەکان، بە سازش یان کاردانەوە هەژمار بکرێت.
ئەم هەڵوێستانە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی قەتەر بە ئامانجی زیندووکردنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی سەردانی تاران بکات، ئەم هەوڵانە لە سێبەری ئاڵوگۆڕی هەڕەشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دێت، دوای ئەوەی واشنتن هەڕەشەی زیادکردنی گوشاری ئابووری لەسەر تاران کرد لە رێگەی سەپاندنی سزا بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی.
دۆخەکە لەکاتێکدایە جەنگ نزیک بووەتەوە لە تەواوکردنی شەشەمین مانگی خۆی و شەڕکردن بە شێوەیەکی بەرچاو وەستاوە، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی دیپلۆماسی بۆ چارەسەر بەدی ناکرێت، هاوکات ناکۆکیی نێوان هەردوو لا لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز بەردەوامە کە رێڕەوێکی گرنگی وزەی جیهانییە و تاران وەک کارتی فشار بەکاری دەهێنێت.
یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی حوزەیران بەهۆی چەند هۆکارێکەوە هەڵوەشایەوە، لەوانە ناکۆکییەکان لەسەر گەرووی هورمز کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان، پێش هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ـی شوبات، یەک لە پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو، بۆیە لە تەممووزی رابردوودا واشنتن جارێکی دیکە چەند هێرشێکی کردە سەر خاکی ئێران.
دواتر کردەوە سەربازییەکان بە رادەیەکی بەرچاو هێور بوونەوە و فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا نزیکەی مانگێکە هیچ هێرشێکی بۆ سەر ئێران رانەگەیاندووە. لە بەرامبەردا واشنتن دەستی بە چڕکردنەوەی زیاتری گوشاری ئابووری کردووە و سزای زیاتری راگەیاندووە کە ئامانج لێی دابڕینی ئێرانە لە هاوبەشە بازرگانییەکانی.